ئاگرێك دوو هەزار دۆنم دارستانی سروشتی دەسوتێنێت

دووشەممە, 29 أغس 2016 – 17:55 

ڕۆژنیوز- هاوكار مستەفا

دوای ئەوەی دوینێ‌ توانرا ئاگرێك لە لە نزیك گوندەكانی هانەی دن و دەرەی مەڕ هاوسنوری رۆژهەڵاتی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆكارێكی نادیار جارێكی دیكە ئەو ئاگرە هەڵگیرساوەتەوە و سنورێكی بەرفراوانتری گرتوەتەوە، تا ئێستا نەتوانراوە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە وە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

نەقیب سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:”دوای ئەوەی دوێنێ‌ ئاگرێك لە سنووری ناوچەی هەورامان بەتایبەت لە نزیك گوندەكانی هانەی دن و دەرەی مەڕ كەوتەوە، توانرا بە هاوكاری تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە و هاوڵاتیان و گوندنشینان كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی تر ئەو ئاگرە هەڵگیرساوەتەوە سنورێكی بەرفراوانتری گرتوەتەوە، بەرەو سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پەرەی سەندوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی سەختی ناوچەكە و هەبونی ژمارەیەكی زۆر لە مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕی عێراق – ئێران، ئۆتۆمبیلی ئاگر كوژێنەوە و تیمەكانی ئێمە زۆر بە سەختی توانیمان لە دیوی خۆمانەوە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، بەڵام هێشتا لە دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە وتیشی :”بەهۆی ئەو ئاگرەی ئەمڕۆوە، زیاتر لە دوو هەزار دۆنم لە دارستانی سروشتی و پوش و پاوان و لەوەڕگا سوتاون و زیانیان پێگەیشتووە، زۆربەی ئەو ڕووبەرەش نزیك گوندەكانی دەرەی مەڕو و هانەی دنی گرتوەتەوە لە سنوری شارۆچكەی بیارە”.

د.خ

Leave A Reply