سوتاندنی ١٦ هەزار جوجكەی زیندوو كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

یەكشەممە, 11 سبت 2016 – 10:59 

ڕۆژنیوز – هاوكا مستەفا

دوای ئەوەی ئیدارەی مەرزی باشماخ و گومرگی مەرزەکە هەستان بە سوتاندنی زیاتر لە 16 هەزار جوجكەی زیندوو لە مەرزی باشماخ بە بیانوی ئەوەی كە بە شێوەی نایاسایی و قاچاخ هێنراونەتە هرێمی كوردستان، نیگەرانی لایەنە پەیوەندارەكانی لێكەوتوەتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، ئه‌نجامدانی ره‌فتارێكی نامرۆڤانه‌ی له‌و جۆره‌ له‌ هیچ یاسایه‌كی كارپێكراو و ویژدانی هیچ كه‌سێكدا جێی نابێته‌وه‌، قایمقامی پێنجوێنیش دەڵێت: كارێكی باش نیەو ئیدانە كراوە، بەڵام ئەمە جاری یەكەم نیە كاری لەو جۆرە ئەكریت.

لە روونکردنەوەیەکدا عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند:”دوای به‌دواداچوونمان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ و پرسیاركردن له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ مه‌رزی باشماخ، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ به‌ بێ ئاگاداریی ئه‌وان كراوه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان زانیوە”.

دەشڵێت:”هاورده‌كردنی جوجكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانی ره‌فتارێكی نامرۆڤانه‌ی له‌و جۆره‌ له‌ هیچ یاسایه‌كی كارپێكراو و ویژدانی هیچ كه‌سێكدا جێی نابێته‌وه‌و ئه‌و كاره‌ به‌ ته‌واوی ره‌تكراوه‌ و قێزه‌ون و رێپێنه‌دراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگ و وه‌زاره‌تی دارایی و ئاسایش و وه‌زاره‌تی ناوخۆ) له‌و روداوه‌ قێزه‌ونه‌ بێده‌نگ نه‌بن و به‌ سزادانی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌، رێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ سته‌مكردنه‌ بگرێت”.

هەروەها زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچكەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی وت:”ئەوەی لە مەرزی باشماخ ڕویدا بە سوتاندنی زیاتر لە ١٦ هەزار جوجكەی زیندوو لەلایەن كاربەدەستانی مەرزەكەوە، سەرەڕای ئەوەی كارێكی باش نیەو لەڕوی مرۆڤایەتیەوە ئیدانە كراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە جاری یەكەم نیە كاری لەو جۆرە ئەكریت”.

وتیشی:”كاتێك حاڵەتێكی لەو جۆرە ڕودەدات پێویستە لایەنە بەرپرسەكانی حكومەت خۆیان ڕیگا چارەی دیكە بخەنەڕوو بۆ لەناوبردنی ئەو جوجكانە، چونكە ئەگەر وانەبێت دوور نیە حاڵەتی لەو شێوەیە دوبارە بێتەوە ئەوەش لەبەر ئەوەی بەرپرسانی مەرزەكە ناچارن ئەو كارە بكەن”.

لەسەر هەمان بابەت، ڕێبوار كەمال سەرۆكی ڕێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستینی ژینگە لە شارۆچكەی پێنجوێن بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”ئەوەی ڕۆژانە لەمەرزی باشماخ ڕودەدات بە دەست بەسەرداگرتنی خۆراك و شمەكی ماوە بەسەرچوو بەشێوەیەكی زۆر نازانستیانە دەسوتێنرێت و ڕوبەریكی زۆر لە ژینگەو ئاو هەوای ناوچكە پیس دەكەن، ئەوەشمان چەند جارێك بە لایەنی پەیوەندیدار ڕاگەیاندووە، بەڵام وەك پێویست وەڵاممان نەدراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئەمجارە لە مەرزی باشماخ ڕویدا وێڕای ئەوەی كە لەڕووی ژینگەییەوە زیانێكی زۆری بە ناوچە گەیاندووە، لەهەمان كاتیشدا لەڕووی ئینسانییەوە كارێكی زۆر نەشیاو و ڕێگە پێنەدراو بوو كە بەرپرسانی مەرزی باشماخ بەو كارە هەستان، پێویستە بەرپرسانی باڵای حكومەت بە ئەركی خۆیان هەستن لەو ڕووەوە”.

سەرۆكی ڕێكخراوی ملەكەوە بۆپاراستنی ژینگە وتیشی:”ئەوەی زیاتر بوەتە گرفت لەبەردەم مەرزی باشماخ نەبونی جێگایەكی تایبەت بۆ لەناوبردنی ئەو خۆراك و شمەكانەی كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دواتر لەناو دەبرێن، بەڵكوو ئەوەی كە هەیە تەنها گۆڕەپانێكە هەموو خۆراك و شمەكەكانی تیادا دەستوتێنرێت كە ئەوەش كارێكی باش نیە”.

ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی لێدوانی هەریەكە لە سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخ و بەرپرسی گومرگی مەرزەكە ، چەند جارێك پەیوەندی پێوەكردن، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە.

دوو ڕۆژ لەمەو بەرو بە بیناوی ئەوەی بە شێوەیەكی نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی كوردستانەوە، بەرپرسانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بەزیندویی زیاتر لە 16 هەزار جوجكەیان سوتاند.

س.ح

Leave A Reply