نەسرین فەخری؛ ژنە پێشەنگی ئەدەبیاتی زمانی کوردیی

ناوەندی هەواڵەکان

پرۆفیسۆر نەسرین فەخری یەکێکە لە ڕوناکبیرەکانی شاری سلێمانی کە چەندین خزمەتی بە ئەدەب و زمانی کوردی کردووە، یەکەم کەس بووە نامەی دکتۆرای لەسەر زمانی کوردی بنووسێت و خاوەنی زیاد لە ٣٣ کتێب و دەستنووسە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی.

نەسرین محەمەد فەخری سابونچی لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٧ لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایک بووە، خێزانی نەسرین یەکێک بوون لە خێزانە ڕۆشنبیر و کورد پەروەرەکانی شاری سلێمانی.

بەهۆی ئەوەی باوکی نەسرین یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سوپای عێراق و زۆربەی شارەکانی کوردستان گەڕاون، بەو هۆیەوە نەسرین قۆناغەکانی خوێندنی لە هەریەک لە شارەکانی کەرکوک، هەولێر و بەغدا تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغداد بەدەست دەهینێت.

یەکەم کەس بووە نامەی دکتۆرای لەسەر زمانی کوردی نووسیوە

نەسرین سەرەڕای ئەوەی بەکالۆریۆسەکەی لەسەر زمان و ئەدەبی عەرەبی بوو، بەڵام بەهۆی خۆشویستنی بۆ زمانی دایک لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕوودەکاتە یەکێتی سۆڤیەت و لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەست دەکات بە خوێندن و دکتۆرا لە هەردوو زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی خواروو و ژوورودا بەدەست دەهێنێت. ئەم نامەیەی نەسرین لەو سەردەمەدا یەکەم نامەی دکتۆرا بووە لەو سەردەمەدا لەسەر زمانی کوردی بنووسرێت، دواتریش بە دکتۆر نەسرین فەخری ناسرا.

دکتۆرە نەسرین درێژە دەدات بە خوێندن و پلەی پرۆفیسۆر بەدەستدەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن وەک پڕۆفیسۆر دەگەڕێتەوە بەغدا و لە کۆلێجەکانی ئاداب، پەروەردە و زمان دەبێتە مامۆستا و سەدان خوێندکار لە بواری زمانی کوردیدا پێدەگەیەنێت.

لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوەی زانستییە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، نەسرین فەخری خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی چاپکراوە و نزیکەی ٤٠ کتێبی بە زمانی کوردی و عەربی نووسیوە.

١١ کتێبی بەزمانی شیرینی کوردی نووسیوە و ١٢ کتێبی دەستنووسی کوردیشی لەدوا بەجێماوە، هەروەها ١٠ کتێبیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و سێ‌ دەستنووسی عەرەبیشی لەپاش بەجێماوە. دکتۆرە نەسرین لەگەڵ زمانەوانیدا بایەخی بە شعریش داوە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چوار دیوانی شعری چاپکردووە. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی بە هەردوو زمان بڵاوکردووەتەوە.

لە دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورددا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بووە، لەو ڕێگەیەوە خزمەتی بە گەل و نیشتیمان کردووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی دانانی پڕۆگرامی خوێندن بووە لە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕادیۆی بەغداد شوێندەستی دیار بووە، جێگای داخە کە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون و ئەوەی ماوەتەوە لەلایەن بەرپرسانی بنکەی ژینەوە پارێزراوە کە دکتۆر نەسرین خۆی پێشکەشی کردوون.

نەسرین فەخری بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی زانستی و ئەدەبی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت: “ڕقم لە وشەی خانەنشینییە، خانەنشین نیم، خاک نشینم تا مردن خزمەتی گەل دەکەم”.

پاش خزمەتێکی زۆر بە بوارەکانی زمان، ئەدەب، کەلەپور و کلتوری کوردی، لە ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، دکتۆرە نەسرین فەخری بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

ش. ئـ

Comments are closed.