شیرین عەلمهولی… داستانێک لە خۆڕاگریی و تێکۆشان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ١٤ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شیرین عەلمهولی و هاوڕێکانیدا تێدەپەڕێت، هەرچەندە ڕژێمی ئێران بە لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی ئامانجی بوو، کە ڕۆحی شۆڕشگێڕیی ژنانی کوردیش لەسێدارە بدات، بەڵام لە دوای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ سەدان ژنی کورد بە ڕۆحی شیرین عەلەمهولییەوە بەشداری ڕیزەکانی ئازادیی خوازیی گەلی کورد بوون.

یەکێک لەو ژنانەی بۆ هەمیشە ناوی لە یادگەی هەموو تاکێکی کورد  و بەتایبەت ژنانی کورددا دەمێنێتەوە، شیرین عەلمهولی، کە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە زیندانی ئەوینی تاران لە سێدارە درا.

شیرین عەلمهولی ، لە ڕۆژی ٢ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨، لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرا.

لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای دەستگیرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار بە توندوتیژترین شێوە ئەشکەنجەدرا، پاشان نێردرا بۆ بەشی ٢٠٩ـی زیندانی ئەوینی تاران، شەش مانگ دواتر گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی ئەو زیندانە،

لە ٩ـی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هەڤاڵانی (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) لە زیندانی ئەوینی تاران سزای سێدارەکەی جێبەجێ کرا.

هەر پێنج ڕۆژ لە دوای لە سێدارەدانیان، وەک ناڕەزایەتی مانگرتنێکی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لە مێژووی ئێراندا کەم وێنە بووە، هەروەها لەهەموو پارچەکانی کوردستان و تەواوی وڵاتانی جیهان ناڕەزایەتیی بەرفراوانی دژی لەسێدارەدانی ئەو شۆڕشگێڕە کوردانە چالاکی ئەنجامدرا.

شیرین لە نامەیەکدا، کە هەفتەیەک پێش لەسێدارەدانی نووسیویەتی ئاماژەی بەوە کردوە، سێ ساڵە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێک لە بارەی کەیسەکەیەوە بدرێت یان ئەوەی هیچ پارێزەرێکی بۆ دیاری بکرێت لە زینداندایە، دەشپرسێت: بۆچی زیندانکراوم و دەبێت لە سێدارە بدرێم؟ ئایا تەنیا بەهۆی کوردبوونمەوەیە؟

ماوەی ١٤ ساڵە شیرین عەلەمهولی، گیانی بەخشیوە بە ئازادیی کورد و کوردستان، بەڵام ژیان و تێکۆشانی ڕێگای زۆر ئازادیخوازیی ڕووناک کردووەتەوە.

شیرین بووەتە هۆی ئیلهامی بەشێکی زۆر لە نووسەران، ئەحمەد بلۆکی، نووسەری کورد ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ژیان و تێکۆشانی شیرین ڕۆمانێکی بەناونیشانی، پەپولەی ئازادیی شیرین عەلەمهولی’ شێوەزاری کرمانجی ژووروو نووسیوە، ئەم ڕۆمانە لەلایەن نەجیبە قەرەداغیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی، ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی شیرین دەکات بە گشتیی، بەتایبەت ئەو ماوەیەی کە لە زیندانی ئێراندا بەسەری بردووە.

ش. ئـ

Comments are closed.