گروپی ٢٠ بەهۆی شەڕی ئۆکراین نەگەیشتە ئەنجام

کۆبوونەوەی گروپی ٢٠ لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان بەبێ ئەوەی هیچ بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکات بەهۆی ناکۆکیی وڵاتان لەسەر شەڕی روسیا و ئۆکراین کۆتایی هات.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، سوبرامانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، دیپلۆماتکارە باڵاکانی گروپی ٢٠ “بەبێ کۆدەنگی” لەسەر جەنگی ئۆکراین کۆتاییان بە کۆبوونەوەکانیان لە نیودەلهی پایتەخت هێناوە.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی گروپی ٢٠ کە ئەمڕۆ لە نیودەلهی پایتەخت بەڕێوەچوو، تیادا بەشداربووانی کۆبونەوەکە بەهۆی شيری ئۆکراین نەیانتوانی بگەنە ڕایەکی هاوبەش.

وەزیری دەرەوەی هیندستان ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی بیستی بەدەستەوەیە، “نەیتوانیوە لایەنەکان ئاشت بکاتەوە، چونکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە”. لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ئەگەر لەسەر هەموو پرسەکان کۆدەنگیمان هەبوایە، بەیاننامەیەکی بەکۆمەڵ دەردەکرا.

جایشانکار وتی: بەشداربووەکان لەسەر زۆربەی ئەو پرسانە کۆک بوون کە نیگەرانی وڵاتانی کەم گەشەسەندووە، وەک پەرەپێدانی فرەلایەنی، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی وزە، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی وڵاتانی جی ٢٠ لە نیودەلهی دەستیپێکرد، لەو میانەیدا باسیان لە پرسە دیارەکانی جیهان کرد، لەوانە هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری کارەسات، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی وزە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

هیندستان کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی ٢٠ دەکات، بەڵگەنامەیەکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ڕوونی کردەوە کە زۆربەی وڵاتانی ئەندام بە توندی شەڕی ئۆکراینیان ئیدانە کردووە، جگە لە چین و ڕوسیا.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بە ڕوونی ڕایگەیاند، گرووپی ٢٠ لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا بەیاننامەیەکی هاوبەش دەرناکات و لەبری ئەوە هیندستان میوانداری پوختەیەک بڵاودەکاتەوە.

ها-ع

Comments are closed.