دیموكراتەكان بۆ ڕاگرتنی هێرشی سەر ڕەفح فشار لە بایدن دەکەن

ناوەندی هەواڵەكان

تا دێت فشارەكانی سیاسەتمەدارانی دیموكراتەكان لەسەر ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا زیاتر دەبێت بەمەبەستی ئەوەی لەشكركێشییەكی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح ڕابگرن، كە نزیكەی دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئاوارەی كەرتی غەزە پەنایان بۆ بردووە .

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە بارەی زیادبوونی فشارەكانی سیاسەتمەدارانی دیموكراتەكان لەسەر ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفح ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ٥٧ ئەندامی كۆنگرێسی دیموكراتەكان داوایان لە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كرد، هەموو ڕێوشوێنێكی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی حكومەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هێرشێكی هەمەلایەنە بۆ سەر شارەی ڕەفح لە نزیک سنووری میسر ڕابگرێت.

ئەو دیموكراتانە داوا دەكەن،  یاسا و سیاسەتێكی نوێ دەربكەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ هەندێك یارمەتی سەربازی هێرشبەری بۆ حكومەتی ئیسرائیل ڕابگرن، بۆ ڕێگریكردن لە هێرشیی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەح.

تا ئێستا كۆشكی سپی وەڵامی داواكارییەكی نەداوەتەوە، پشتیوانانی بایدن پییان وایە، حەماس بارگرانییەكی سیاسیی گەورەی لەسەر ئیدارەی بایدن درووستكردووە، ئەمە لە كاتێكدا بایدن خۆی بۆ كێبڕكێیەكی سەختی هەڵبژاردن ئامادە دەكات لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی كۆمارییەكان.

جێگەی ئاماژەیە، ئیسرائیل هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ هێرشكردنە سەر شاری ڕەفح تەواو كردووە، دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش بكاتە سەر ئەو شارە، نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی عەرەبیی و ئەورووپاش هۆشداری دەدەن لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو هێرشە، كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لە شارەکەدا ڕووبدات.

هـ.ئ

Comments are closed.