“سەرچاوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە”

سلێمانی

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بووەتە جێی سەرەنجی جیهان و لێکۆڵینەوە لە مانا فەلسەفی و سەرچاوەکەی دەستیپێکردووە، ژنە توێژەرێکی بیانیش دەڵێت، ئامانجمانە زۆرترین کەس ئاشنا بکەین بە بنەما و سەرچاوەکەی، کە دەگەڕێتەوە بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.

بە زەمینەسازی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد -ڕێپاک، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان، لە ئەڵمانیاوە هاتنە شاری سلێمانی و سەردانی ژنانی لایەن و حزبەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئامانج لە سەردانەکەشیان ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و تێگەیشتنی زیاتر و زانینی ئاستی بەرجەستەکردنێتی لە هەرێمی کوردستان.

ئامانجمانە بیسەلمێنین سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە

لەو چوارچێوەیەدا كارۆ كیم، یەکێک لە ئەندامانی شاندە نێودەوڵەتییەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری لەبارەی سەردانەکەیان دا و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، وەک ژنانی فێمینستی نێودەوڵەتی، هەموو ساڵێک لە ٨ی مارسدا لەگەڵ بزوتنەوەی ژنانی کورد کۆبوونەوە و چالاکییمان هەیە، ئەمساڵیش هاتووینەتە شاری سلێمانی و ئامانجمان کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”.

دەربارەی گەڵالەبوونی بیرۆکەی ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، کارۆ کیم وتی: ئێمە بەهۆی پەیوەندییە بەردەوامەکانمان لەگەڵ ژنانی کورد، دەمێکە بەو دروشمە ئاشناین، بەڵام ئاشکرایە پاش سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زیاتر بەناوبانگ بوو، ئێستا بەنزیکەیی هەر تاکێکی ئەوروپا گوێبیستی بووە، بەڵام نازانن ئەو دروشمە بنەماکەی تایبەتە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بۆیە بڕیارماندا بێین و ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەنجام بدەین و بیسەلمێنین سەرچاوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردە.

تێکۆشانی پڕ هیوای ژنانی کورد، ئیلهام و هیوامان پێدەبەخشێت”

کارۆ کیم، بۆچوونی خۆی لەسەر خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد لەپێناو ئازادیدا دەربڕی و وتی: لەو چەند سەردانەی کردوومانە زۆر سەرسامین بە توانا و هێزی ژنانی کورد، ئیلهام و هیوامان پێدەبەخشن، چونکە لە گفتوگۆکاندا پێیان وتین ” ٪١٠٠ هیوامان هەیە دۆخەکە بەرەو باشتر دەچن”، هیوا بە گۆڕانکاری دەقاودەق ئەو شتەیە ئێمەی ژنان لە ئێستادا پێویستمان پێیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و بەردەوامیدان بە تێکۆشان.

“بەیەکگرتن دەگەین بە ئازادیی”

ئەو ئەندامەی شاندی نێودەوڵەتی ژنان، پێی وایە تائێستا ژنان لە هیچ جێیەکی جیهان ئەو ئازادییەیان نییە، کە پێویستە هەبێت، لە هەر ناوچە و وڵاتێک بە شێواز و ڕێگەیەک ماف و ئازادیی ژنان زەوت دەکرێت.

کارۆ کیم، لە کۆتایی وتەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی تەنها ئەرکی ژنانی کورد نییە، بەڵکو هەموو ژنانی جیهان پێویستە هەوڵی زیاتر بدەن، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و مافە شایستەکانیان پێویستە ژنان یەکبگرن و پێکەوە تێبکۆشن.

ش. ئـ

Comments are closed.