كرێی دانانی پێوەری ئاو كەمكرایەوە بۆ ١٠ هەزار دینار

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تا ئێستا پێوەریان نەبەستووە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە ٨٠ هەزارەوە كراوەتە ٢٠ هەزار دینارو  بەستنی پێوەر لە شارۆچکە و شارەدێکان و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە ٨٠ هەزارەوە كراوەتە ١٠ هەزار دینار.

هەروەها، فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن، پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تا ٢١ی نیسان مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.

س.س

Comments are closed.