چاوێکیان بە سەرهەڵدان بەخشی و ناچاربوون ئێران بەرەو هەندەران جێبهێڵن

خۆپیشاندەرێکی کورد، کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی دا، چاوێکی لەدەستداوە ناچاربوو، زێدەکەی جێبهێڵێت، کچە خۆپیشاندەرێکیش کە بە هەمان شێوە چاوی لەدەستداوە، لە دەرەوەی ئێران نەشتەرگەری دەرهێنانی گولـلە لە سەری بۆکراوە و دەڵێت: ئەو گولـلەیە دەکاتە بەڵگە لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی ئێران.

لە میانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا، سەدان کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی گولـلەی ساچمەییەوە چاویان لەدەستدا، یاخود زیانی گەورە بەر توانای بینییان کەوت.

یەکێک لەو خۆپیشاندەرە کوردانەی چاوێکی لەدەستداوە، “زانیار توندڕەو”، خەڵکی شاری پیرانشارە، کە بەوتەی کەسوکارەکەی ناچاربووە، بە هۆی فشارەکانی هێزەکانی دەوڵەت، ئێران جێبهێڵێت .

بە گوێرەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئەو گەنجە کوردە لەبەلەمێکی کۆچبەراندایە و بەرەو ئەوروپا دەچێت.

زانیاری تەمەن ١٨ساڵ، ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەهۆی گولـلەی ساچمەییەوە چاوێکی لەدەستداوە و هێشتا ساچمە لەناو سەریدا ماوە.

لەلایەکی دیکەوە لەشاری میلانی ئیتالیا، نەشتەرگەری دەرهێنانی گولـلەی ساچمەیی لە سەری کچە خۆپیشاندەرێک بە ناوی “ئیلاهە تەوەکولیان” ئەنجامدرا.

ئەو کچە خۆپیشاندەرە دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەکەی بۆکرا، ڕایگەیاند، ئەو گولـلەیەیی لەسەریان دەرهێناوە، بووەتە هۆی لەدەستدانی بینایی چاوێکی، وەک بەڵگەیەک لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە دادگا نێودەوڵەتییەکان دەکات.

هەرچەندە ئامارێکی ورد لەو بارەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی پزیشکانی چاوی سێ نەخۆشخانەی فارابی، ڕەسوڵ ئەکرەم و لەبافی نەژادی تاران، لانیکەم ٥٠٠ کەس لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، زیانی زۆر بەر توانای بینینیان کەوتووە و چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی پزیشکانی چاوی پارێزگای سنەش، نزیکەی ٨٠ کەس لەو پاڕێزگایە لە چاویانەوە برینداربوون و زۆرینەشیان بە گولـلەی ساچمەیی پێکراون.

ڕ.ڕ

Comments are closed.