ناوەندی هەواڵەکان:
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا دەسەڵاتی پنتاگۆن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەعێراق، هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات کۆشکی سپی پشتیوانى خۆی بۆ ئەو هەوڵەى ئەنجومەنى پیران ڕاگەیاند.
لەدانیشتنی ئەمڕۆدا، سیناتۆرەکان بە54 دەنگی بەڵێو 27ی نەخێر، لەبەرژهوەندیی هەڵوەشاندنەوەی دوو یاسای ساڵانی 1991و 2002 دەنگیاندا، کە ئەو دوو یاسایە دەسڵاتیان بەپنتاگۆن دەدا بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێسو بەپشتبەستن بەفەرمانی سەرۆک، هێرشی سەربازی لەنێو عێراقدا ئەنجامبدات.
دوای 20 ساڵ لەهێرشكردنەسەر عێراق، کۆنگرێس دەیەوێت دەسەڵاتەکە بگەڕێنێتەوە دەستی خۆییو دەستکراوەیی پنتاگۆنو سەرۆکی ئەمریکا سنورداربکات، چەسپاندنی هەڵوەشانەوەکە پێویستی بەوەیە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر بدرێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پشتیوانی لەهەنگاوەکە دەکات، ئەگەر لەئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسەندکرا، ئەوا هەڵوەشانەوەی دوو یاساکە دەبێتە کۆتایهاتنێکی فەرمی بۆ شەڕی عێراقو گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ بۆ دەستی کۆنگرێس، کێڤن مککارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاماژەی بەوەکردوە، پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەن.
لە14ی کانونی دوەمی 1991، دوای داگیرکردنی کوهیت لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێن، کۆنگرێسی ئەمریکا بەگوێرهى یاسایەک، دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس دایە دەست جۆرج دەبلیو بوش سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا.
Comments are closed.