لە سلێمانی یادی ١٤ـەمین ساڵەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کرایەوە

سلێمانی

بە بۆنەی ١٤ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانەوە، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان گردبوونەوە و وتیان: هێشتا خوێنی سەردەشت وشک نەبووەتەوە، لای ئێمە هێشتا وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ڕفاندنەکەیەتی.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتیی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و نوێنەری بەشێک لە حزب و ڕێکخراوەکان، بە بۆنەی ١٤ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانەوە گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، هەمان کات ١٤ باڵندە ئازاد کران وەکو هێمایەک بۆ ١٤ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان، هەر لە مەڕاسیمەکەدا تاجەگوڵینەی ڕێز لە بەردەم وێنەی شەهید سەردەشت عوسمان دانرا.

بەیاننامەی ١٤ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید سەردەشت عوسمان، لەلایەن ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندەوە خوێندرایەوە تێیدا هاتبوو:  چواردە ساڵ تێپەڕی ، بەڵام هێشتا خوێنی سەردەشت وشک نەبووەتەوە، لای ئێمە و خەڵکی ئازادییخواز هێشتا وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ڕفاندنی سەردەشتە لەبەردەم کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، چواردە ساڵ لەمەوبەر دەستێکی ڕەش و ئاشکرا بەنوێژی نیوەڕۆ و بەبەرچاوی زانست و زانکۆ سەردەشتیان ڕفاند و دواتریش بەوەش نەوەستان تەرمی پیرۆزیان لە شاری موسڵ فڕێدا، شەمشەمەکوێرەکان وایان زانی سەردەشت کۆتایی پێدێت، بەڵام سەردەشت بووە تۆوی ئازادیی و لە دوای خۆیدا زیاتر چەکەرەی کرد و لەبەر دەرگای هەموو ماڵێکی ئازادییخواز بوو بە نەمامی ئازادیی.

ئاماژەی بەوەشدا، سەردەشتیان شەهید کرد بەڵام هێشتا لە سێبەری سەردەشت دەترسن، فۆبیایان بە ئازادیی هەیە، بۆیە ئەوان هاتن شێروان و هاوڕێکانیان لە زیندان توند کرد، هاوڕێ وهەڤاڵەکانی سەردەشتیان لە خاک و زێدی خۆیان دەرکرد، ئەو ئەقڵییەتەی سەردەشتی تیرۆر کرد، هەمان ئەو ئەقڵییەت و کارەکتەرانەن کە ئەمڕۆ سلێمان ئەحمەد و شێروان شێروانی و قەهرەمان شوکرییان لە زیندان توند کردووە.

 وتیشی: بەرز و پیرۆزبێت یادی سەردەشت و ئەمڕۆ لای ئێمە یادی چواردەمین ساڵی لەدایکبوونییەتی سەردەشت ئەمڕۆ تەمەنی چواردەساڵە و تازە بەرەو گەنجی و جوانی دەچێت و ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتردەبێت و بکوژانیشی بچووک دەبنەوە.

ب.گ

Comments are closed.