عێراق بەرامبەر تورکیا سەروەری نەوتی خۆی بەدەست دەهێنێت

 ناوەندی هەواڵەكان

دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێكی نوێی لە بەرژەوەندی عێراق دەركرد، سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوە لە ڕێگەی توركیاوە، كە بەغدا ئەنقەرەی تۆمەتبار دەکرد بە پێشێلكردنی ڕێككەوتننامەی گواستنەوە نەوت، كە لە ساڵی ١٩٧٣ واژۆكرابوو، چونكە ڕێگە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان دەدات، بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.

بەگوێرەی بڕیاری دادوەری، دەوڵەتی داگیركەری تورك جارێكی دیكە ناتوانێت نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بكاتەوە، بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، دەركردنی بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە و دەسەڵاتدارانی توركیا گفتوگۆ لەسەر میكانیزمەكانی هەناردەكردنی نەوتی عێراق دەكەین، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بە شێوەیەك، كە گەرەنتی بەردەوامبوونی هەناردەكردنی نەوت و جێبەجێكردنی پابەندبوونەكان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، كە هەموو نەوتی عێراق و هەرێمیش لەڕێگە كۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بكرێت.

عەلی توكی
عەلی توكی

لەوبارەوە، عەلی توكی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە دادوەرییە گورزێكی كوشندە بوول ە بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی كەرتی نەوت و ڕاگرتنی زنجیرەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت، كە ڕۆژانە نزیكەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كارەی توركیا پێشێلكردنی پەیماننامەیەكی دوو قۆڵییە، كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٧٣ واژۆكرا و لە ساڵی ٢٠١٠ نوێكرایەوە، كە هێڵی بۆری عێراق- توركیا بەڕێوەدەبات، كە دەسەڵات دەداتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە پەیماننامەكەدا هاتووە، كە توركیا پابەند دەبێت بە ڕێنماییەكانی لایەنی عێراقی سەبارەت بە جوڵەی نەوتی خاو، ڕەنگە عێراق نزیكەی سێ ملیار دۆلار قەرەبوو لە توركیا بەدەستبهێنێت، هەروەها بەپێی ڕێكارەكانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، پێشتر عێراق دوو ملیار دۆلاری وەرگرتووە، هەروەها عێراق نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری داوە بەتوركیا، كە زۆربەیان پەیوەندی بە كرێی بۆرییەوە هەیە.

ڕوونیشیكردەوە، لە ئێستادا حكومەتی عێراق داوای یەك ملیار و نیو دۆلار لە توركیا دەكات، لەكۆی ئەو هەموو پارەیە لەلای ئەنقەرەیە.

عەلی تەمیمی
عەلی تەمیمی

عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، عێراق پابەند نییە بە پێدانی هیچ قەرەبوویەكی دارایی بە توركیا، هەروەها ئەو تۆمەتانەی توركیا لەو بارەیەوە ڕەتدەكاتەوە، دەبێت عێراق قەرەبووی دارایی وەربگرێت، كە بە نزیكەی سێ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە توركیا نەوتی هەرێم هەناردە دەكات لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، كە پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنەیە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆكراوە لە ساڵی ١٩٧٣ سەبارەت بە بۆری نەوت.

پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست پێی وایە، دادگاكانی توركیا پابەندن بە ڕێزگرتن لە بڕیارە ناوبژیوانییەكەی فەرەنسا، بۆیە پابەندن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی بەغدا سەبارەت بە بەبازاڕكردن و باركردنی سەرجەم نەوتی خاو لەبەندەری جەیهان، بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەروەها ڕەنگە ئەو بڕیارە بەراییە ڕێگە بۆ بەغدا بكاتەوە، كە لە ماوەی دانیشتنەكانی داهاتوودا زیاتر داوای قەرەبوو لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بكات.

هەرێمی كوردستان ڕۆژانە نزیكەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگەی توركیاوە هەناردە دەكات، كە هەناردەكردنەكە نایاساییە لە لای دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، بەغدا داوا دەكات تاكە دەسەڵات بێت، كە پەیوەندی بە هەناردەكردنی نەوت و بەڕێوەبردنی سەرچاوە وزەی وڵاتەوە هەبێت.

هـ.ئ

Comments are closed.