کتێبێکی ڕێبەر ئۆجالان لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتالیا خوێندنەوەی بۆ کرا

لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا، چاپی ئیتاڵی کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازاد’ـی ڕێبەریی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، خوێندنەوەی بۆکرا و ناسێندرا.

ڕۆژی ٣٠ـی ئایار، کتێبی “کۆمەڵناسی ئازاد’ـی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان – کە بەم دواییە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتاڵی – لە بەشی کەلتوور و سیاسەت و کۆمەڵگە، لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا لە لایەن چەند پرۆفیسۆرێکەوە سیمینارێکی لەسەر پێشکەشکرا.

سیمینارەکە، لە لایەن هەریەکە لە پرۆفیسۆر داریۆ پادۆڤان مامۆستای کۆمەڵناسی ژینگە، جیانفرانکۆ ڕاگۆنا، مامۆستای مێژووی بیری سیاسی و دەیڤید گراسۆ، مامۆستای یاسا و ئەخلاق لە کاتی جەنگدا، پێشکەشکرا و زیاتر لە ٣٠ خوێندنکاری دکتۆرا و ئەکادیمسیان بەشدار بوون.

پڕۆفیسۆر گراسۆ دەڵێت: “ئەو بزووتنەوانەی کاریگەریی قوڵیان هەیە بەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، سروشیان لە پێشنیارە سیاسییەکەی عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتووە”.

پرۆفیسۆر دایڤید گراسۆ، ئاماژەی بە دۆخی سەخی زیندانیکردنی ڕێبەر ئۆجالان کرد، کە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی دایبڕاندووە و ئەوەش وای کردووە ئاستەنگی بۆ دروست ببێت لە نووسیندا، بەڵام ئۆجالان هەر سیمبولێکی دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گراسیۆ لە سیمینارەکەدا کورتەیەک لە چەمکی کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی پێشنیارکراوی کتێبی ” سۆسیۆلۆژیای ئازادی”ـی خستەڕوو، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕەخنەکانی ئەو لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کە تیۆرەکانی “پۆزەتیڤیست” و یۆرۆسەنترییەکان”ی یاخود ئەورووپا سەنتەریی بەبنەما وەرگرتووە.

پڕۆفیسۆر ڕاگۆنا: “ئەم کتێبە تەحەدایەکە بۆ هەندێک چەمک کە لەبارەی جیهانەوە هەمانە و زۆر گرنگە کە ئەمڕۆ لەنێو شۆڕشگێڕاندا تاوتوێ بکرێت”.

پڕۆفیسۆر ڕاگۆنا ئەوەی هێنایەوە بیر، کە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان لە لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتن لە چەندین ئەزموونی شۆڕشگێڕانی مێژوو پەرەی سەندووە: بەقووڵی بیری ئەنارکیستی و شیکاری ئۆجەلانی بەراورد کرد و خاڵە هاوبەشەکانی لە چەمکی زانست و یاسا و شۆڕشدا دەستنیشان کرد.

هەروەها جەختی کردووە کە گرنگە ڕەخنە لە بیری شۆڕشگێرانی سەدەی بیستەم بگیریێت؛ ئەوەشی ڕاگەیاند “لە ئەمڕۆدا دەبێت سیستمێکی جێگرەوە بنیادبنرێت تا لەڕێگەیەوە بگەین بە ژیانێکی ئازاد”.

پڕۆفیسۆر پادۆڤان: “کۆمەڵناسی کلاسیک  بووە بە ئەندازیاری کۆمەڵایەتی، زانستە پۆزەتیڤیستەکان ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن”.

پڕۆفیسۆر پادۆڤان ڕوونی کردەوە، کە کۆمەڵناسی کلاسیک بووە بە ئەندازیاری کۆمەڵایەتی، چوونکە پشتی بە مۆدێلی پۆزەتیڤیستی بەستووە لەگەڵ ئەوەشدا خۆی نیشانداوە، کە توانای شیکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری نییە، بەڵکوو بە بڕوای پادۆڤان، ڕێبازێکی گشتگیر لەم ڕووەوە پێویستە، وەک تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەمبارەیەوە.

سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی دەوڵەمەند و بەو هیوایەی، کە بیری ڕێبەر ئۆجالان زیاتر لە چوارچێوەی زانکۆکاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ببێتە پایەی بیرکردنەوە لە زانستە مرۆییەکان و زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، کۆتایی هات.

ش. ئـ

Comments are closed.