تەنها لە مانگی ئایاردا لە تورکیا ٤٠ ژن کوژراون

لە دواین ئاماری “پلاتفۆڕمی فیمیساید ڕادەگرین”، لە مانگی ئایاریدا ٤٠ ژن بەدەستی پیاوان لە تورکیادا کوژراون و ٢٢ی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

دوێنێ پلاتفۆڕمی فیمیساید ڕادەگرین- کەجەدەپە بڵاوی کردەوە، لە مانگی ئایاردا ٤٠ ژن بەدەستی پیاوان کوژراون، لەو ژمارەیەش  حەوت ژن لەبەر ئەوە کوژراون کە خواستی هەڵبژاردن و بڕیاردانیان هەبووە لەسەر ژیانی خۆیان، هاوکات ٢٢ ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

ڕاپۆرتەکە وردەکاری پەیوەندی نێوان ژنە کوژراوەکان و پیاوە بکوژەکانی ئاشکرا کردووە، کە ١٢یان هاوسەربوون، هەشتیان کەسێکی ناسراویان بووە، حەوتیان هاوڕێیان بوون، سێ ژن لەلایەن هاوسەری پێشوویانەوە کوژراون، سێی دیکەش بەدەستی کوڕەکانیان و دوانیشیان بەدەستی برا و دووی دیکەش بەدەستی خزمیان، دەردەکەوێت ٪٣٠ی ئەو ژنە کوژراوانە قوربانی دەستی هاوسەرەکانیانن.

ماڵ ژینگەیەکی ناپارێزراو بۆ ژنان

ئەو پلاتفۆڕمە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ماڵ بووەتە ژینگەیەکی ناپارێزراو بۆ ژنان، بەو پێیەی زۆربەی تاوانەکانی مانگی ئایار لەنێو ماڵەکاندا ڕوویانداوە، کە ٣٠ حاڵەتە، حەوتیشیان لە سەر شەقام بووە و یەکێکیان لەناو ئۆتۆمبێل، یەکێکیتریان لە چۆڵەوانیدا. ئەوەش دەریدەخات ٪٧٥ی ژنان لە ماڵەکانیاندا کوژراون.

دەربارەی “پلاتفۆڕمی فیمیساید ڕادەگرین”

“پلاتفۆرمی فیمیساید ڕادەگرین” کاردەکات بۆ ڕاگرتنی ژنکوژیی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان لە توندوتیژی، دژی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافی ژنان دەجەنگێت و بەتایبەت دژی پێشێلکردنی مافی ژیان دەوەستێتەوە.

پلاتفۆرمەکە، لەلایەن ئەو بنەماڵانەوە دامەزراوە کە ژنێکی خێزانەکەیان بوونەتە قوربانیی دەستی پیاوسالاریی، هاوکات ژنانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان، دەستەی پارێزەران، دەستەی بازرگانی، سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی دیکە، هەروەها ژنانی سەربەخۆ بەشدارن لە چالاکی و دامەزراندنی پلاتفۆڕمەکەدا.

ش. ئـ

Comments are closed.