سلێمانی
لەژێر ناونیشانی (ژنانی عێراق لەنێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگارییە سیاسییەکاندا)، کۆنفرانسێک بەڕێوە دەچێت و لەچوارچێوەی چەند پانێڵێکدا ڕەوشی ژنان تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی، “کۆمەڵەی ژنانی عێراق لقی بەریتانیا” یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بە ناونیشانی (ژنانی عێراق لە نێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگارییە یاساییەکان) دەستی پێکرد، کە کەسانی یاسایی و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق تێیدا بەشدارن و لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕەوشی ژنانی عێراق تاوتوێ دەکەن و دەرئەنجامەکان دەکەنە ڕاسپاردەیەک بۆ لایەنە پەیوەندییدارەکان.
لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، کە لە پانێڵی یەکەمدا تاوتوێی یاساکانی پەیوەست بە ژنان کرا و لە پانێڵی دووەمیشدا تیشکخرایە سەر دۆخی ژنانی ڕەنجدەر لە یاسا و سەندیکاکانی عێراقدا.
ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی ژنانە بەرامبەر یاساکان و فشار درووستکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسا
دونیا ڕامز، کە ڕێکخەری کۆنفرانسەکەیە لە لێدوانێکیدا ئامانجی کۆنفرانسەکەی بۆ ڕۆژنیوز ڕوونکردەوە و وتی: ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی ژنانە بەرامبەر یاساکان و فشار درووستکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسا، هاوکات بەراوردکردنی یاسا بەرکارەکانی هەرێم بە عێراق، هەروەها دەستنیشانکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەردووکیان.
تا ژنان هۆشیار و ئازاد نەبن و مافەکانیان مسۆگەر نەبێت ئەوا کۆمەڵگە کەموکورتە
لای خۆشییەوە خەدیجە محەممەد سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان وتی: تا ژنان هۆشیار و ئازاد نەبن و مافەکانیان مسۆگەر نەبێت، ئەوا کۆمەڵگە کەموکورتە، بۆیە پێویستە کار بکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیارکردنەوەی یاسایی و جێبەجێکردنی دەقە یاساییەکان.
ش. ئـ
Comments are closed.