کژار لە چیا ئازادەکانەوە چوارەم کۆنگرەی خۆی سازکرد

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لە چیا ئازادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوارەمین کۆنگرەی خۆی سازکرد و بە وردی باس لە شەش پرسی سەرەکی کرا، کە یەکەمیان هەڵسەنگاندنی پرسی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٤، لە چیا ئازادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم بەشەکان کۆنگرەی چوارەمی سازکرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژەی کێشا و لە ٩ـی ئایار بە درووشمی “سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، مسۆگەرکردنی ئازادیی ژنان و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، کۆتایی هات.

لە میانی کۆنگرەکەدا بە وردی باس لە شەش پرسی سەرەکی کرا، کە یەکەمیان هەڵسەنگاندن بوو بۆ دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پاشان بە وردی باس لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” کرا، دواتر لە بەرنامەی ڕۆژەڤی سێیەمدا باس لە ڕێکخستنی کۆمیتەکان کرا.

هاوکات لە ڕۆژەڤی چوارەمدا باس لە ئاستی خۆپاراستنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرا، لە ڕۆژەڤی پێنجەمدا بڕیار و پلانەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو تاوتوێ کران، کر بریتین لە: تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕیبەر ئاپۆ، تێکۆشانی هاوبەش لە چوارچێوەی سیستەمێکی هاوبەشی ژناندا ئامانجی سەرەکی کارکردن بێت، زیاتر گرنگی بدرێت بە بوارەکانی خۆپاراستن و بەهێزتر بکرێت، هەرووها لەسەر بنەمای خۆ ڕێکخستن و خۆپاراستن، ڕێبازەکان بگەیەنن بە هەموو ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

لە ڕۆژی سێیەم و کۆتایدا بۆ نوێکردنەوەی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار هەڵبژاردن ئەنجام درا و ١٥ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کژار هەڵبژێردران.

لە کۆتایدا هاوسەرۆکی کژار زیلان ڤەژین قسەی کرد و وتی: پێویستە بە هەموو توانا و هێزمانەوە ئەم خەباتە لەم قۆناغە زۆر هەستیارەدا بە ئەنجام بگەیەنین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەشێوەیەکی باشتر خاوەنداری لێ بکەین، هەر بۆیە لەو ڕوانگەیەوە بانگەوازی لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەهەمان کاتدا لە تەواوی ژنانی جیهان دەکەین، لەسەر هێڵی ئازادیی و دیموکراسی بە فکر و فەلسەفەی ڕێپەر ئاپۆوە، لە ژێر چەتری کژاردا تێبکۆشین.

لە کۆتایدا کۆنگرە بە دروشمەکانی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’، ‘بێ سەرۆک ژیان نابێ’ و “ژن، ژیان، ئازادیی” بە گێڕانی ئاهەنگ کۆتاییهات.

ش. ئـ

Comments are closed.