ئەنجامنامەی کۆنگرەی یەکەمی رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئەوروپا بڵاوکرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان 

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئەنجامنامەی یەکەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادی بەناونیشانی ( بەرێکخستن بوون و ئیرادەی ئازاد، تێکۆشانی دیموکراتی فراوان دەکەین ) بەرێوەچوو، ئاماژەیان بەوەدا، کاریگەری سلبیی لەسەر کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان هەیە

ئەمرۆ یەکەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئەوروپا بەرێوەچوو.

لەئەنجامنامەکەدا هاتوە، بارودۆخی ناوچەکە و جیهان، لە ناجێگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدایە، شەڕێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، دۆخێکە مرۆڤایەتیی لەبەردەم هەڕەشەیەکی ترسناکی ژیان کردن ڕاگرتووە، ئەم هەلوومەرجە گەلێک هەستیار و چارەنووس سازە و ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکەمان چەقی قورسایی ئەم ناکۆکیی و بەریەک کەوتنەیە، کورد و کوردستانیش لەناو ئەم تابلۆ سیاسیی و سەربازییەدا پشکی گەورەی بەرکەوتووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، دووژمنانی ئازادیی کورد، لەهێرش و گەمارۆدانی گەلی ئێمە و دەسکەوتەکانی درێخی ناکەن، ڕۆژانە هێرشی داگیرکاریی و ستەم و نادادییەکان بەردەوامیی هەیە و گەلی ئێمە و شۆڕشگێڕەکانی لەبەرخۆدان و خەباتی بێوچاندان.

ئەوە روونکراوەتەوە، لەم هەلوومەرج و بارودۆخە هەستیارەدا، لە بەرواری١١ تا ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣ بەبەشداریی نزیکەی سەد کەس، لە ئەندامان و وڵاتپارێزان، بە دروشمی (بەڕێکخستن بوون و ئیرادەی ئازاد، تێکۆشانی دیموکراتی فراوان دەکەین) یەکەمین کۆنگرەی رێکخستەنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئەوروپا – سوید ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە وێڕای هەموو ئەو فاکتەرە جیهانیی و ناوچەییانە کە باسکران، کاریگەریی سلبیی لەسەر کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان هەیە، بەڵام هۆکارە ناوخۆییەکانیش دەبێ ببینرێن و بەوردیی لەسەریان ڕاوەستە بکرێت.

باسلەوەشکراوە، لە کوردستان و عێراق بەردەوام سیاسەتی نادادیی و پێشێلکاریی ماف و ئازادییەکانی گەل بەڕێوە براوە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، دۆخی ژیانی خەڵك، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا، شێوازی فەرمانڕەوایی و زهنیەتی دەسەڵاتداریی قۆرغكار و خۆسەپێن و نادادیی کۆمەڵایەتیی بووە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتوە، لەبنچینەدا دەسەڵاتێکی ستەمکار و بەرژەوەندییخواز و وابەستە بەداگیرکەران بووە، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسیی کە خۆی لە ئیسلامی ئیخوانیی، داعش و سەلەفی دەنوێنێت، کۆمەڵگە بەرەو عەقڵیەتێکی دۆگما دەبات و دووری دەخاتەوە لە

بیرکردنەوەی ئازادانە و برەو بە گوتاری توندوتیژیی و کولتووری ڕق و جیاکاریی دژی کۆمەڵگە و گەنج و ژن و ماف و ئازادییەکانیان دەدات! لەو ڕێگەیەوە دۆخێکی وادەخوڵقێنن کە خەڵكی کوردستان لەژێر ناوی ئیسلامییەتی ساختە بکەونە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان.

کۆنگرە باسی لە دۆخ و پێگەی ژنانی لە کۆمەڵگەی باشوور، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ڕاوەستەکردن لەسەر دۆخی ئارامیی و ئاسایشی کوردستان و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا، بەتایبەت ئەو دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا کە دەیکاتە سەر وڵاتپارێزان و خەباتکارانی ئازادییخوازی کورد بە هاوکاریی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە.

جەختلەوەکراوەتەوە، بە پێی ئەو دۆخەی کە لە کوردستان و ناوچەکەدا تێپەڕدەبێت، پێویستیی بە تێکۆشان هەیە، لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە، کۆنگرە باسێکی بەرفراوانی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی رێکخستن بوون کرد، پێداگریی لەسەر ئەوەکرا کە پێشخستنی بواری رێکخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی شۆڕشگێڕیی و پەروەردەیی، رێگەچارەی هەنوکەیی تێکۆشانی رزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە.

کۆنگرە جەختی کردەوە کە لە ئەوروپا ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی باشووری كوردستان و ماتەوزەی بەرچاوی کاروخەباتی تێدایە، ئەم ماتەوزەیە گرنگە بخەینەگەڕ و لەناو کاروخەباتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، هێزی خۆیان زیاتر و زیاتر بەتین بکەن، لە قۆناغی ئەمڕۆماندا رێكخستنێكی تۆكمە لە ئەوروپا كە پشت بە هێز و ئیرادەی گەل ببەستێت و بە تێكۆشانێكی دیموكراتیك و بە دوور لە دەمارگرژیی و بە خوێندنەوەی قوڵی رووداوەکان، دەتوانێت ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكان بەرەو دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراتیك و جەماوەریی بگۆرێت.

لە چوارچێوەی کۆنگرەکەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان چەند بریارێک دەرکرا کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە

١/ تێکۆشانی هەمەلایەن لە دژی داگیرکاریی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و پێشخستنی تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ لایەن و رێکخستنە دیموکراتییەکان و ئازادییخواز لە باشوری کوردستان و عێراق لە پێناوی بەرقەرارکردنی ئازادیی و دیموکراتیی لە وڵات.

٢/ تێکۆشان بۆ ئەوەی کورد لە دیاسپۆرا، ببێتە هێزی پاڵپشتی خەباتی دیموکراتیی و ئازادیی لە ناوەوەی وڵات، ئەمیش بۆ ئەوەی ڕەوەندی کوردیی لە دەرەوەی وڵات بە ناسنامەی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و بەها کۆمەڵایەتیی، دیموکراتییک و بەدەستهێنانی مافەکانی بناسێندرێت و بژیت.

٣/تێکۆشان دژی گۆشەگیریی لە ئیمرالی و هاوکات پێشخستنی کاروخەبات بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

٤/پێشخستنی چالاکی هاوبەشی نەتەوەیی لەگەڵ لایەنە سیاسیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و دەزگا کولتووریی و فەرهەنگییەکان و بەشداریی لەسەرجەم ئەو چالاکییانەی لە پێناو بەدەستهێنای مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئەنجام دەدرێت.

٥/دروستکردنی کۆمیتە، ئەنجومەن و رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی لە وڵاتانی ئەوروپا و پێشخستنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لە ناو گەلدا.

٦/بە سیستەم کردنی پەروەردە و پێشخستنی پەروەردە لە ناو ئەندامان و لایەنگران و وڵاتپارێزان.

٧/ دروستکردنی گرووپێکی هونەریی تایبەت بە باشوری کوردستان، لە پێناو پێشخستنی هونەری وڵاتپارێزیی لە دەرەوەی وڵات.

٨/ دروستکردنی سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگی ئازادییخوازان لە ئەوروپا.

٩/لە پێناوی گەڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئازادانەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردستان تێدەکۆشێت و هەروەها بۆ بەدەستهێنانەوەی ناسنامە و ئیرادەی ئازادیی ژن لەبەرامبەر زهنیەتی پاشکەوتوو دژە ژن و رێگریی کردن لە کوشتنی ژنان تێدەکۆشێت.

١٠/ پرسی ژینگە پرسێکی جیهانگیریی و سەرتاسەرییە، هیچ سنوورێک ناناسێت، بۆیە تەڤگەری ئازادیی هەوڵی ئەوە دەدات لە ناوەندەکانی بڕیار و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان پرسی ژینگەپارێزیی بووروژێنێت و لە سەرووی خەبات و تێکۆشانی خۆیەوە دادەنێت و هۆشیاریی ژینگەپارێزیی لە نێو کۆمەڵگەدا بەرزدەکاتەوە و پێشیدەخات.

ر.س

 

Comments are closed.