تاژێ داوا دەکات بنەماڵەی بارزانی لەسەر تاوانی جینۆسایدی شنگال دادگایی بکرێن

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێکخراوی قوربانیانی کوردستان بۆ دادگایکردنی مەسرور بارزانی و نەوەکانی بارزانی، بەهۆی تاوانیەکانیانەوە سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا تۆمار کرد و لەوبارەوە تاژێ بە نامەیەک پشتگیری لەو سکاڵایە کرد و دەڵێن، داواکارین بنەماڵەی بارزانی لەسەر تاوانی جینۆسایدی شنگال دادگایی بکرێن.

ڕێکخراوی  قوربانیانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سکاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی و نەوەکانی لەسەر ٢٥ تۆمەتی “کوشتن، ساختەکردن، ڕفاندن، جینۆساید، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی” تۆمار کردووە، بەپێی یاسا، دوورخستنەوەی هاووڵاتیان لە ئەرک، موڵک و ماڵی خۆیان، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن لەگەڵ تاک، گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، لەسەر سکاڵای ڕێکخراوەکە، دادگای فیدراڵی ئەمەریکا لە ١٥ـی شوباتدا بڕیارێکی لەسەر مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە و مۆڵەتی ٢١ ڕۆژی پێدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی، کە ئاراستەیان کراوە، لە کۆتایی بڕیارەکەدا هاتووە ئەگەر تا کۆتایی وادەی دیاریکراو وەڵام نەدرایەوە، ئەوا ڕێکاری یاسایی دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

پەیووەندیدار بەم سکاڵایەوە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ بە نامەیەک پاڵپشتی خۆی لە ڕێکخراوی سندووقی قوربانیانی کوردستانی نیشاندا و هەروەها داوای کرد بنەماڵەی بارزانی لەسەر تاوانی کۆمەڵکووژی دژی گەلی ئێزدی شەنگال دادگایی بکرێن.

داواکارییەکەی تاژێ بەم شێوەیەیە:

دوای کۆمەڵکووژی ۳ـی ئابی ۲۰۱٤، ساڵی ٢٠١٦ تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێمان دامەزراند، ڕێکخراوی سندووقی قوربانیانی کوردستان سکاڵای لەسەر نەوەکانی بارزانی بە ٢٥ تۆمەت کە یەکێکیان کۆمەڵکووژییە، ئاراستەی دادگای فیدراڵی ئەمەریکا کرد، ئێمە پێش هەموو شتێ پرسی دادگایی کردنی پەدەکە لەسەر تاوانەکانی دژ بە کۆمەڵگەی ئێزدی، ژنانی ئێزدی، زۆر بە گرنگ و کاریگەر دەبینین.

جینۆسایدی ۳ـی ئابی ۲۰۱٤ لەلایەن دوژمنی مرۆڤایەتی داعش و بەهاوکاریی پەدەکە و دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا، لە ئەنجامی ئەموەشدا بە هەزاران کەس لە گەلەکەمان کۆمەڵکووژ کران، ڕفێنران، نزیکەی ٧ هەزار ژن و منداڵمان لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، تا ئێستا ٨٧ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، قوبە و شوێنە پیرۆزەکانمان تەقێنراونەوە، پەدەکە خیانەتێکی مێژوویی لە بەڕامبەر کۆمەڵگەکەمان کرد، ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە لە ناوچەکە هەبوون کە گوایە شنگال دەپارێزن، بەڵام کاتێک هێرش کڕا، بەبێ ئەوەی یەک تەقەش بکەن، هەڵاتن و شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد.

 ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پەدەکە بەرپرسیارێتی تاوانەکانیان لە ئەستۆ نەمێنێ، ڕۆژانە پڕوپاگەندەی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن، شنگالمان ڕزگار کرد، لە شنگال ٥٠٠ شەهیدمان داوە، هەموو جیهان دەزانێت کێ خیانەتی لە کۆمەڵگەی ئێزدیمان کردووە و کێ ڕزگاری کردووە ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان، کە چۆن پەدەکە خیانەتی لە کۆمەڵگاکەمان کرد، ئێمە دەڵێین، ئەگەر پەدەکە ٥٠٠ شەهیدی دابێت، شوێنی ناشتنیان لە کوێیە و ناویان کامەیە؟.

پەدەکە لە سەر هەبوونی ئێمە ڕۆژانە سەرقاڵی بازرگانیە، ئەمەش دژی ئەخلاقی مرۆڤە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دیسان بە هۆی هاوکاریی پەدەکەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورک، دەیان جار هێرشی کراوەتە سەر شنگال و پێشەنگەکانمانی کردووەتە ئامانج، هەرچەند پەدەکە خۆی بە حزبی دیموکراتی کوردستان ناودەبات، بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەیە و هیچ دیموکرات نییە، ساڵانێکە پەدەکە بە عەقڵیەتی پاوانخوازانەی خۆی و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی درێژە بە پەیووەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و داعش دەدات، لەم دواییانەدا هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی دانی بەوەدانا کە چۆن پەدەکە هاوکاری کردوون.

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لەوباوەڕەداین، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ڕوون ببنەوە و دادپەروەری جێگەی خۆی بگرێتەوە، ئامادەین فایل و ڕاپۆرتە پێویستەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکووژی ساڵی ۲۰۱٤ بخەینە بەردەم ئێوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێمە دەڵێین کاتی دادپەروەرییە، لەسەرئەم بنەمایە داواکارییەکانمان وەها ئاراستە دەکەێن :

 یەکەم- با گروپە سەربەخۆکان سەردانی عێراق و بەتایبەتیش سەردانی شنگال بکەن لە نزیکەوە.

 دووەم- پەدەکە لەسەر تاوان و خیانەتەکەی ۳ـی ئابی ۲۰۱٤ بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی دادگایی بکرێت.

ب. ق

Comments are closed.