زیندانییانی سیاسیی: زیندان چەند سارد بێت ئاگری دڵمان ناکوژێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

زیندانییانی سیاسیی ڕایانگەیاند، پێویستە هەمووان لە دەوری بەها هاوبەشەکانی گەلی کورد و ئازادیی ڕێبەرێتی کۆببینەوە، زیندان چەندێک سارد و تاریک بێت، ئاگری دڵی ئێمە ناکوژێتەوە و ڕۆحی ئێمە سارد نابێتەوە.

ئاهەنگی پیرۆز کردنی جەژنی نەورۆز لە ڕحای باکووری کوردستان بە درووشـمی “ڕاپەڕە کاتی ئازادیی و سەرکەوتنە” بە بەشداریی دەیان هەزار کەس ئەنجام درا، تێیدا پەیامی زیندانییانی سیاسیی مانگرتوو لە خواردن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتبووە، زیندانیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد ١١٨ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، گەلی کورد ٢٠٠ ساڵە لەنێو هەلومەرجی فاشیزم دەژین و کۆمار هەرگیز دەستبەداری دوژمنایەتی کوردستان نەبووە، بێجگە لە قڕکردن هیچی بۆ کورد و گەلان نەهێناوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئەوکات سەرۆک ئاپۆ بەم سیستەمەی گوت بەسە، میراتی شێخ سەعید و سەید ڕەزاکانی وەرگرت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلاندا پارادایمێک لە دەرەوەی دەوڵەت پێشکەوت، بۆیە ڕووبەڕووی توڕەیی نەمروود بوویەوە و ٢٥ ساڵە لە هەلومەرجی ئەشکەنجەدا  ڕاگیراوە، با هەمووان بزانن، سەبرمان بەرامبەر ڕێبەری زیندانی کراو و کوردستانی بێ ستاتۆ نەماوە.

لە کۆتاییشدا بانگەوازییان کرد، پێویستە هەمووان لە دەوری بەها هاوبەشەکانی گەلی کورد و ئازادیی ڕێبەرێتی کۆ ببینەوە، زیندان چەندێک سارد و تاریک بێت، ئاگری دڵی ئێمە ناکوژێتەوە و ڕۆحی ئێمە سارد نابێتەوە، نەورۆزتان پیرۆز دەکەین و بانگەوازتان لێ دەکەین بۆ بەرخۆدان و تێکۆشانی هاوبەش، یان ئازادیی یان ئازادیی.

ب.گ

Comments are closed.