محەمەد شێخ عوسمان: پارتی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەڵبژاردندا بسەپینێت

سلێمانی

ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بەردەوامە و سەرجەم لایەنەکان جگە لە پەدەکە ئامادەن بۆ هەڵبژاردن، ڕۆژنامەنوسێکیش دەڵێت: لایەنێک دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمدا بسەپینێت و نەکرێت.

سەرۆکایەتى هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد، ئێستا کۆمسیۆن بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکانى کردوە و سەرجەم لایەنەکانى هەرێمیش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریی لەو هەڵبژاردنە دەربڕیوە، جگە لە پەدەکە نەبێت کە بایکۆتى هەلبژاردنەکەى کردووە و چەند بیانوویەک دەهێنێتەوە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکە نەکرێت.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان و ئامادەیی لایەنەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە، محەمەد شێخ عوسمان ڕۆژنامەنووسی یەنەکە لە شاری سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

” پارتی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمدا بسەپینێت”

محەمەد شێخ عوسمان وتی: کێشەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەست نییە بە کات و ئیرادەی لایەنەکانی دیکەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە شەفافیەت و بێگەردی ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدەدرێت.

وتیشی: کێشەیەک لە نێوان لایەنەکاندا بوونی هەیە کە گومانیان هەیە لەو پڕۆسەیە، بەتایبەتی یەکێتی گومانی هەیە و دەیەوێت پڕۆسەیەکی تا لوتکە شەفاف بێت، بەڵام پارتی لە لیست و بازنەکاندا، دەنگێکی زۆری تێدایە لە شێوازی بازنەکاندا جیاکراوەتەوە و دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا بسەپینێت و بە هەمان شێوازی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەم هەڵبژاردنەش پاکی و بێگەردیی خۆی لە دەست بدات.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەى بەوەش کرد، باسەکە لەوەدا نییە هەلبژاردن دوابخرێت یاخود پێش بخرێت، بەڵکو دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە جێگری سەرۆکی پارتی خۆی دواخست، بەڵام ئایە ئەو دواخستنە زەمانەتی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی هەرێم  دەکات یاخود نا، ئەگەر زەمانەتێک هەبێت ئەوا هەموو لایەنەکان ئامادەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

” هیچ هۆکار و پاڵنەرێک نییە کە هەڵبژاردنی هەرێم دوابخرێت”

بەوتەى محەمەد شێخ عوسمان هیچ هۆکار و پاڵنەرێکیش نییە، کە دوابخرێت، هەروەها یەنەکە پابەندە بە کاتی دیاریکراوی خۆیەوە تا دڵنیایەکی تایبەت دەبێت، وە دڵنیاشین کە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت زیاتر پاڵپشتی خەڵکی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەست دەهێنێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا محەمەد شێخ عوسمان باس لەوە دەکات، پارتى ئەو لایەنەیە، کە گومانی لەسەر هەیە، ئەگەری هەیە پڕۆسەکە بۆ ئاڕاستەی پاکی و شەفافی نەبات، ئەمە وایکردووە، کە یەکێتی پابەند بێت بە کاتی دیاریکراوی ئەنجامدانی هەلبژاردن کە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی متمانەی خەڵکی خۆی لە دەست نەدات.

“ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت متمانەی کۆمەڵگەی نێوودەوڵەتی و هاوڵاتییانی بەهەرێم لە دەست دەدرێت”

ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوا متمانەی کۆمەڵگەی نێوودەوڵەتی و هاوڵاتییانی هەرێم لە دەست دەدات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەڵبژاردنەکان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و پاکی و بێگەردییەوە بەڕێوە بچێت، تا لەم دۆخە چەقبەستووەدا دەردەچین.

هـ.ح

Comments are closed.