ژمارەیەك چالاكوان دژی سەردانەكەی ئەردۆغان لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەوە

بەغدا

كۆمەڵێك چالاكوانی بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی سەردانی ئەردۆغانی سەرۆكی دەوڵەتی تورك بۆ عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەوە و تێیدا داوای هەڵوێستی جدی لە حكومەتی فیدراڵی و هەرێم دەكەن، بۆ ئەوەی كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێم و عێراق بهێنێت.

ژمارەیەك چالاكوان لەبارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك و ڕەتكردنەوەی سەردانی ئەردۆغانی سەرۆكی دەوڵەتی تورك بۆ عێراق، لە بەغدا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

لە كۆنگرەكەدا ئەو چالاكوانانە جەختیان لەوە كردەوە، دەوڵەتی تورك بە بیانووی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی، بە ئاشكرا دەستی كردووە بە هەڕەشەكانی بۆ لەشكركێشییەكی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە سوود وەرگرتن لە چاوپۆشی كردن لە هێرشە دووبارە و سێبارە بووەكانی.

دەشڵێن: توركیا بە بیانووی ناڕاست، بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ڕەفتاری شەڕانگێزییەكانی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە دژی سەروەری دەوڵەتی عێراقە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵات دەكات، ئێستاش ناوچەیەكی فراوانی عێراق و هەرێمی كوردستانی داگیركردووە.

ئاماژە بەوەش دەكەن، بۆ هەموو لایەك وا دەردەكەوێت كە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی كوردستان، لەژێر پەردەی ڕێككەوتنە ئەمنییەكاندا، چاویان لە نیازی شەڕانگێزی ڕاستەقینەی دەوڵەتی توركیا دادەخەن و نایانەوێت هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتی كردنی توركیا، ئەمانەش ئاسنكارییەكە بۆ ئەوەی توركیا زیاتر هێرشەكانی لە ناو خاكی عێراق بەردەوامى پێبدات.

باس لەوەش دەكەن، سەردانەكەی ئەردۆغان، بۆ عێراق لە چوارچێوەى درێژەدان بە پیلانەكانی فراوانخوازی و داگیركەرییەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دێت، چونكە سیاسیەتى دەوڵەتی تورك ئەوەیە، لە هەر شوێنێك بنكەی سەربازی لە دەرەوەی خاكی خۆی دامەزراند، ئەوا لێیى ناکشێتەوە و هەوڵى لکاندنى ئەو ناوچە بە خاکى وڵاتەکەیەوە دەدات.

ئەوەش دەخەنەڕوو، دەوڵەتی تورك هەوڵ دەدات میساقی نیشتمانی زیندوو بكاتەوە، كە تێیدا هاتووە شارەكانی موسڵ و كەركووك و ناوچەكانی دیكە وەك لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا هاتووە، سەر بە توركیان.

لای هیچ كەس و بە تایبەتی گەلی كوردستان شاراوە نییە، كە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركەوە تا ئێستا نزیكەی ١٧٠ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و سەدان هاوڵاتیی دیكە بریندار بوون، هەروەها هەزاران كەسیش لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون، دەوڵەتی تورك درێغی نەكردووە لە سووتاندن و وێرانكردنی دارستان و سروشتی كوردستان، بۆیە بە ئەنجامدانی هێرشی نوێ ژمارەی قوربانییەكان زیاتر دەكات.

چالاكوانان دەشڵێن: ئێمە وەك بەشێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ پێمان وایە هەڕەشەكانی ئەردۆغان و سوپای توركیا بۆ زیاتر كردنی قوربانی، وێرانكاری، ئاوارەبوون، بێ ماڵ و حاڵ و داگیركارییە، بۆیە بانگەوازی شەقامی عێراقی، بەتایبەتی ڕۆشنبیر و خوێندەوارەكان دەكەین، كە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانەی توركیا ببنەوە و بێدەنگ نەبن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

لە كۆتایدا وتیان: داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كراوە، كە ئەركی نەتەوەیی خۆیان بەرامبەر بە سەروەری و سەربەخۆیی نیشتمان و وڵاتەكەیان و گەلەكەیان و هاووڵاتیانیان بپارێزن و قبووڵ نەكەن، لە هەر بارودۆخێك و لە ژێر هەر بیانووك، سوپای تورك خاكی هەرێمی كوردستان داگیر بكات.

هـ.ئ

Comments are closed.