“تێگەیشتن لە تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان بووە بە ناوەندی گۆڕانکاری لە تورکیادا”

سلێمانی

ئەندامێکی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە بارەی بەردەوامی گۆشەگیری زیندانی ئیمراڵی، لە دژی ڕێبەر ئۆجالان، باس لەوە دەکات، پێویستە هەموو ئازادیخوازانی جیهانە دژی گۆشەگیری بن، دەشڵێت: تێگەیشتن لە تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە ناو تورکیا، بووە بە ناوەندی گۆڕانکاری.

٣٧ مانگە گۆشەگیری تووند لە سەر ڕێبەر ئۆجالانە لە زیندانی ئیمراڵی و هەموو داواکارییەکانى خێزان و پارێزەرەکانی بۆ دیدار و ئاگاداربوون لە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد ڕەتکراونەتەوە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە.

د. حەکیم عەبدولکەریم ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان دەدوێت و جەخت دەکاتەوە ئەرکی هەموو ئازادیخوازانە هەڵوێستیان هەبێت دژی گۆشەگیری و خەبات بکەن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.

دکتۆر حەکیم عەبدوولکەریم، وتی: ڕێبەر ئۆجالان بە تێز و فکرەکانی ئازادە و ناتوانرێت زیندانی بکرێت، نەک تەنیا لە ناو گەلی کورد بەڵکوو بە دەیان مێژوونووس و ئەکادیمیست، لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕامانی ڕێبەر ئۆجالانەوە دەکەن، زیندانی کردنی جەستەی ڕێبەر ئۆجالان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خاوەن پرسی چارەسەرییە بۆ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاماژەی بەوەش کرد: چارەسەرییەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان سەرلەبەری سیستەمی دەوڵەت  نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەوەشێنێتەوە، چوونکە جەخت لە پێکەوە ژیانی گەلان و پاراستنی ژینگەو دیموکراسی دەکاتەوە، هەموو ئەوانەی پێچەوانە کردەوە کە بانگەشەی بە سەنتەرکردنی مرۆڤ دەکەن، چوونکە مرۆڤ یەکێکە لە پێکهاتەکانی گەردوون، وەکوو هەموو هەبوونەکانی دیکە.

سەبارەت بە گۆشگیرییە بەردەوامەکانی زیندانی ئیمراڵی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان، دکتۆر حەکیم وتی: ئەو گۆشەگیرییە ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئەرکی هەموو ئازادیخوازێکە لە سەر گۆی زەوی، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان ببێتە کاری لە پێشینەمان.

هەروەها ئەندامەکەی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان ڕوونیکردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا، ئەوەی پێ وتین کە تێگەیشتن لە تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە ناو تورکیا، بووە بە ناوەندی گۆڕانکاری، ئەمە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە کە گەلان پڕۆژەی ئیخوانیەکان ڕەتدەکەنەوە و پڕۆژە چارەسەرییەکانی ڕێبەر ئۆجالان بە بنەما دەگرن.

لە کۆتاییشدا ئەندامەکەی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان دەڵێت: پێویستە ئازادیی بەڕێز ئۆجالان پەیوەست بکەین بە ئازادی گەلی و کورد و مرۆڤایەتیەوە.

هـ.ح

Comments are closed.