لە دژی پیلانەکانى ئەردۆغان داوای هەڵوێستی ڕاشکاوانە لە لایەنەکانى هەرێم دەکرێت

هەڵەبجە

هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و بە ئامانجگرتنى هاوڵاتییانى مەدەنى لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و مامۆستایەكی زانكۆ  و چاودێرێكی سیاسیش دەڵێن: لایەنە سیاسییەكان و جەماوەری باشووری كوردستان یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بن، ڕێگە نەدەن بە ئەردۆغانی فاشیست نەخشەو پلانە گڵاوەكانی لە باشووری كوردستان جێبەجێ بكات.

تا دێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانگرتنى هاوڵاتییانى مەدەنى و ماڵ و موڵکیان زیاتر دەبێت و تەنیا لەم مانگەدا دوو هاوڵاتیی مەدەنى بەهۆی بۆردوومانەکانەوە شەهید بوون و لە چوار مانگی ئەمساڵیشدا ١٠ هاوڵاتیی بە بۆردوومان و کردەوەى تیرۆری شەهید بوون، هەریەکە لە حکومەتى هەرێم و عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە وشەیەک هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو هیرشانە نییە.

مامۆستایەكی زانكۆ و چاودێرێكی سیاسی لە بارەی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەرخاكی باشووری كوردستان، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئارام هەورامی
ئارام هەورامی

ئارام هەورامی مامۆستای زانكۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بۆردوومان و تۆپبارانكردنی ناوچەكانی باشووری كوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەتایبەت توركیا و ئێران، پێشێلكردنی هەموو یاساو پەیمانە نێودەوڵەتییەكانە، ئەو دوو دەوڵەتە بەردەوام بۆردوومانی خاكەكەمان دەكەن، بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستا كاتی ئەوەیە حكومەتی عێراق بە ئەركی خۆی هەستێت و سەروەری خۆی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بپارێزێت، چونكە ئەندامە لە نەتەوەیەكگرتوەكانە، هەروەها پێویستە دژی ئەو بۆردوومانانە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام بەداخەوە ڕۆژان خاكەكەی لەلایەن وڵاتە داگیركەرەكانەوە بۆردوومان دەكرێت، پێویستە ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر خاكی هەرێم قبوڵ نەكات.

باسی لەوەشكرد، ئەو بیانوەشی دەوڵەتی تورك هەیەتی، هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەو داگیركارییانەی ئەنجامی دەدات، پێویستە تۆپباران و بۆردوومانەكانیان كۆتایی پێبهێنرێت و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتیەكان بگرن، دەشڵێت:  ئەو بۆردوومانانە زیانێكی زۆری لە ژینگە و گوندەكان داوە، زۆر جار بەهۆیانەوە هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید دەبوون، كاتی ئەوەش هاتووە نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق بە ئەركی خۆی هەستێت، ئەو تۆپبارانانە ئیدانە بكات و سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی ڕژێمی هەردوو وڵات دابنێت.

محەمەد حەمەڕەزا
محەمەد حەمەڕەزا

محەمەد حەمەڕەزا چاودێری سیاسییە لە هەڵەبجە و ڕاگەیاند، توركیا بەردەوام هێرش و پەلاماری بۆسەر خاكی كوردستان هەبووە، سەردانی ئەردۆعان بۆ بەغداو هەولێر كۆمەڵێك پرۆژەو نەخشەی گڵاوی پێیە، یەكێك لەوانە قەناعەت بە حكومەتی عێراق بكات، شانبەشانی هەندێك هێزی ناوخۆی گەلەكۆمەكێیەك دژی قەندیل و گەریلا ئەنجام بدات.

وتیشی: سەردانەكەی ئەردغان جێگەی مەترسییە، كێشەی نەوت و ئاو بۆ بەغدا ستراتیجیە، ئەرۆدغان لەبەرامبەر ئەو دوو كێشە گرنگەی بەغدا، فشار دەكاتە سەر عێراق بۆ لێدان لە پەكەكە و شنگال و ئەوشوێنانەی خۆی دەیەوێت، حكومەتی عێراقی ئەگەر ئەوە بكات كردەوەیەكی خۆكوژییە ئەنجامی دەدات، كەلتوری تورك واناسراوە بچێتە هەر جێگەیەك لێی دەرناچێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە باس لەوەش دەکات، حكومەتی عێراقی لە هەموو كەس باشتر دەزانێت چیا سەركەشەكانی كوردستان، گەریلای ئازادیی كوردستانی تێدا بێت باشترە، تاوەكوو جەندرمەی توركیا داگیری بكات و لێی دەرنەچێت، حزبەكانی باشووری كوردستانیش هەندێكیان خۆیان ڕادەستی ئەجێندای داگیركەران كردووە و میللەتیان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بەجێهێشتوە.

محەمەد ڕەزا دەشڵێت: هیواداین ئەمجارە ئەو هێزانە بەخۆیاندا بچنەوە هەڵوێستەیەك بكەن، ئەەوە توركی فاشیست بەرنامە ڕێژییان بۆ كردوە بەتایبەت بۆ باشووری كوردستان زۆر چارەنووسازە، هیواداین هێزو لایەنە سیاسیەكان و جەماوەری باشووری كوردستان یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بن، ڕێگە نەدەن بە ئەردۆغانی فاشیست نەخشەو پلانە گڵاوەكانی لە باشووری كوردستان جێبەجێ بكات.

جێگەی ئاماژەیە، كەمێك پێش ‌و ئێستا ئەردۆغان سەرۆكی دەوڵەتی داگیركەری تورك گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سووودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و چەند پرسێك تاوتوێ بكەن، هەروەها بڕیار كاتژمێر ٦ی ئێوارە ئەردۆغان بگاتە هەولێر.

هـ.ئ

Comments are closed.