ئەردۆغان و سوودانی لەسەر چی ڕێککەوتوون؟

ناوەندی هەواڵەکان

سوودانی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ئەردۆغان، ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەنێوان هەردوولا واژۆ کراوە، بۆ کارکردنی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا، گرنگترینیان پرسی ئاو و وەگەڕخستنی ڕێگای گەشەپێدانی بازرگانییە، ئەمەش لەبەرامبەر هاوکاریکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دەرەوەی سنوور بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی “تیرۆر”.

لە پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەریەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی بەغداوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

سوودانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەنێوان هەردوولا واژۆ کراوە، بۆ کارکردنی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا، کە نەخشەڕێگەیەکە بۆ کارکردنی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا، لەناو ڕێککەوتنەکەدا لیژنەی هەمیشەیی پێکهێنراوە بۆ هەموو بوارەکان ئەمنیی و ئابووریی و سیاسیی و وزە و بەگشتی ٢٤ لێکتێگەیشتنمان واژۆ کردووە لە بوارە جیاوازەکان، بەتایبەتی بۆ پرسی ئاو و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابووریی، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام دەبێت لەو ڕۆژەوەی کە جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ڕێککەوتنێک لەسەر لێکتێگەیشتنێکی چوارقۆڵی کراوە لەنێوان وەزیرانی گواستنەوەی (عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات) ئەمەش لە پێناو وەگەڕخستنی ڕێگای گەشەپێدانی بازرگانیی، کە ڕێگایەکی ئاوییە و ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە و عێراق بە تورکیاوە دەبەستێت و بەردەوام دەبێت تا ئەورووپا.

ئەوەشی ئاشکرا کرد،”یەکێکی تر لە ڕێککەوتنەکانمان ڕێککەوتنی ئەمنیی بووە، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، ڕێگا نادەین بە هیچ هێزێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت، بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بە هیچ دەوڵەتێکیش کە هێرشی دوژمنکارانە بکات و سەروەری عێراق ببەزێنێت.”

ئەمەش دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دێت، بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان بە قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر و لێدان لە تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادیی لەژێر ناو و بیانووی شەڕی “تیرۆر”، بە هاوکاری پەدەکە و حکومەتی عێراق.

ب.گ

Comments are closed.