پۆلیسی تورک چەند خەباتکارێکی میدیای ئازادیان دەستگیر کرد- نوێ کرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسییدا، لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ، پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵان و نۆ خەباتکاری ڕاگەیاندنی ئازادیی دەستگیر کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسییدا، پۆلیسى دەوڵەتى تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵان و چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەستگیر کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس محەمەد ئاسڵان، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا و دەستگیری کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ئەستەنبوڵیش پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چەند ماڵێک و لە ئەنجامدا، هەریەک لە ئەسرا سۆلین، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەنەس سەزگین و سالیحە ئاراس، لە ڕۆژنامەی یەنی یەشام، هەروەها یاشیم ئالیجی، بەستە ئارگات، شیرین ئارمیش و ئەردۆگان ئالایومات خەباتکاری چاپەمەنی ئازادى دەستگیر کرد.

ئەوەش زانراوە، تا دێت فشارەکان و ژمارەی دەستگیرکراوان زیاتر دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، لە وڵاتی بەلجیکا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر هەریەک لە کەناڵەکانی “مەدیا خەبەر، ستێرک تیڤی”، پاش ئازاردانی هەندێک لە کارمەندانی ئەو دوو کەناڵە و شکاندنی چەندین کەرەستەی تەکنیکی و ڕۆژنامەنووسی، دەستیان گرت بەسەر بەشێک لە ئامێرە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی پەخش.

ب. جـ

Comments are closed.