وادەی تۆماركردنی ناوی كارمەندانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم درێژكرایەوە

ناوەندی هەواڵەكان

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، ماوەی پێشكەشكردنی فۆرمی بوون بە كارمەندی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تا ڕۆژى ٢٨ی ئەم مانگە درێژكراوەتەوە، بڕیارە هەڵبژاردنەكە لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەی درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی فۆرمی بوون بە كارمەندی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەو وادەیەی، كە دیاریكراوە بۆ تۆماركردنی ناوی كارمەندانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بتوانێت ناویان تۆمار بكەن، وادەكەیان بۆ ٢٨ی ئەم مانگە درێژكردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو كەسانەی ناو تۆمار دەكەن دەبێت دانیشتووی هەرێمی كوردستان بن، هەروەها بڕوانامەی لە دبلۆم بەرەو سەرەوەیان هەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٨٨٦ كاندید ناویان وەک کاندید بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، كە ٦٠٩ لەوانە لە ڕەگەزی نێرن و هەروەها، ٢٧٧ كاندیدی دیكەشیان لە ڕەگەزی مێن.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ـی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە، چەند حزب و لایەنێك بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كردووە، دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكەش هەیە.

هـ.ئ

Comments are closed.