بەرێوەبەری هەواڵگریی سوپاى ئیسرائیل دەستی لەكاركێشایەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوى کردەوە، بەرێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل دانی نا بەوەی شكستی هێناوە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكەی ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووی حەماس، كە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و چەندین هاوڵاتیی بەهۆیەوە کوژران، دەشڵێن، بۆیە دەستى لە کارکێشایەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە بارەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەهارون هالیفا، بەرێوەبەری هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل زانیاری نوێی خستەڕوو.

ئاژانسەكە بڵاوی كردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستلەكاركێشانەوەی ئەهارون هالیفا، بەرێوەبەری هەواڵگریی سوپاكەی پەسەند كردووە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ناوبراو شكستی هێناوە لەوەی بتوانێت پێشوەخت هێرشەكەی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو حەماس ئاشكرا بكات.

هالیفا لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا، كە ئاراستەی هرتسی هالیفی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای وڵاتەكەی كردووە، داوای كردووە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو ڕووداوانە پێكبهێنرێت، كە وایكردووە حەماس لە هێرشەكەی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو سەركەوتوو بێت.

هاوكات یائیر لبید، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دەستلەكاركێشانەوەی ئەو بەرپرسەی بە كارێكی “شەرەفمەندانە” ناوبردووە و ڕایگەیاندووە باشترە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش وەك ئەو بەرپرسە دەستلەكاربكێشێتەوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئ

Comments are closed.