پاش ٢٠٠ ڕۆژ لە جەنگ دۆخی غەزە گەیشت بە کوێ؟

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٢٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر جەنگی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیلدا، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری کەرتی غەزە وێرانبووە و زیاتر لە ١١١ هەزار قوربانی بە دواى خۆیدا هێناوە.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندرووستى غەزە، تا  ئێستا لە ٣٤ هەزار کەس کوژراون، کە نزیکەی ١٤ هەزاریان منداڵن، هەروەها زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسیش برینداربوون و حەوت هەزار تەرمیش هێشتا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و دەرنەهێراون.

لای خۆشییەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ئاماردا ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە ١٧٥ کارمەندانمان لە غەزە کوژراون.

وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیلیش لە بارەی قوربانییەکانی لە جەنگەکەدا و بارودۆخی کەرتی غەزە دەڵێت: ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەمان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

لە ئێستادا هاوڵاتییانى غەزە لە ڕووی ئاسایشی خۆراک و تەندرووستیەوە لە دۆخی زۆر ناهەمواردان، چونکە ئیسرائیل ڕێگە بە ڕێکخراوە جیهانیەکان نادات هاوکاری مرۆییان پێ بگات و هەروەها زیاد لە ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانى غەزەدا بێچارەسەر ماونەتەوە.

چەندین جار بە نێوەندگیری وڵاتانى ئەمریکا، قەتەر و میسر دانووستانی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە بارەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان بەڕێوەچوو، تا دوایین دانووستانیان لەسەرەتای ئەم مانگە بێ ئەنجام بوو.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش چەند جارێک داوای ڕاگرتنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلى کرد، بەڵام جارێک ئەمریکا و جارێک ڕووسیا و چین شکستیان بە پرۆسەکە هێنا.

ڕ.ش

Comments are closed.