ناوەندی هەواڵەکان
لەبارەی هێرشەکەی سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر فیدراسیۆنی ڕۆنووس ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوە و بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر.
نوێنەرایەتی ئەورووپا، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ “ڕۆنووس”، لەبارەی هەڵکوتانە سەر ‘ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر’ لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و سەرکۆنەی کرد.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆنووس:
“بەداخەوە ئەمڕۆ گوێبیستی هەواڵی هێرشێکی ناڕەوای پۆلیسی فیدڕاڵیی وڵاتی بەلجیکا بووین بۆ سەر ئۆفیسی سەرەکی هەردوو کەناڵی کوردیی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر.”
“بە پێی ڕاگەیەنراوی هەردوو کەناڵەکە، پۆلیسی بەلیجکا بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە هەر بنەمایەکی یاسایی و بێ ئاگاداری پێشوەختە کە هۆکارکەی تێدا ڕوون بکەنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵەکان و ئامێرەکانیان تێکشکاندوون و بەشێکی زۆر لە ئەرشیف و هاردەکانیان بردوون، وێڕای ئەوەش هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندانی کەناڵەکان و ئازاری جەستەیی و دەرونییان داون، بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بۆ کارەکەیان ئاشکرا بکەن.”
“ئێمە لە نوێنەرایەتی ئەورووپای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوە و حکومەتی بەلجیکا داڕێژەری پلانەکەیە بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر.”
“تاوانەکە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ئەنجامدراوە و ئەوەش هێندەیتر بکەرانی تاوانەکە دەخاتە بەردەم لێپرسراوێتی ئەخلاقیی و پێویستە دەوڵەتی بەلجیکا لەسەر ئاستی باڵا داوای لێبوردن لە هەردوو کەناڵەکە و کارمەندە بریندارەکانی بکات و هەرچی زووە دەست بکرێتەوە بە پەخشی کەناڵەکان و کەشێکی ئەرێنی درووست بکرێتەوە کە بەرپرسانی کەناڵەکان هەست بە ژینگەیەکی لەبار بکەن بۆ کارکردن.”
ب.گ
Comments are closed.