پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ نەیاران و خیانەتکاران چی بوو؟

ناوەندی هەواڵەکان

لە مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە، بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی کرد ساڵی داهاتوو خەڵات بدرێت بە شەهید هەڤاڵ عەبدۆ و وتیشی: ئەم پەیامە پشتیوانییەکە بۆ هەموو خوشک و براکانمان لە سووریا و پەیامێکیشە بۆ نەیارەکانمان و خیانەتکاران.

ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ١٨ـەمین مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو، لە ناو مەراسیمەکەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) پەیامێکی بۆ نەیاران و خیانەتکاران نارد.

بافڵ تاڵەبانی وتی: ئەمڕۆ پێشنیازێکم هەیە بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و بۆردی ئامادەکار، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٥خەڵاتی زێڕینی بلە بدرێت بە شەهید هەڤاڵ عەبدۆ ناسراو بە (شەڕڤان کۆبانێ)، کە یەکێک لە تێکۆشەرەکانی کوردستان بوو، مافی خۆیەتی ئەم خەڵاتەی پێشکەش بکرێت.

هەروەها جەختی کردەوە، ئەم پەیامە پشتیوانییەکە بۆ هەموو خوشک و براکانمان لە سووریا و هەموو کوردێک کە خەبات دەکات بۆ کوردێکی سەربەز و ئازاد، پەیامێکیشە بۆ نەیارەکانمان و خیانەتکاران کە لەگەڵ نەیارەکانمان کاردەکەن، “هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین.”

شەهیدی فەرماندەی یەکینەکانی دژەتیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان، هەڤاڵ عەبدۆ ناسراو بە (شەڕڤان کۆبانێ) لە شەوی ١٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ لەگەڵ هەشت هاوڕێی شەڕڤانی دیکەی، لە سنووری بادینان شەهید بوون.

ب.گ

Comments are closed.