دەم پارتی و هەدەکە دژی هێرشەکانی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد هاتنە دەنگ

ناوەندی هەواڵەکان

دەم پارتی و هەدەکە هێرشی هەمەلایەنەی سەر ڕاگەیاندنی ئازادیان شەرمەزار کرد و دووپاتیان کردەوە، “دەوڵەت ناتوانێت لە ڕێگەی هێرشەوە ئەنجام بەدەست بهێنێت و ڕاگەیاندنی ئازاد هەرگیز سەر نەوی ناکات.”

ڕێکخستنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئیستەنبووڵ و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) پەیوەست بە دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هێرشی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد، لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و بەلجیکا، لەناو بینای ڕێکخستنی دەم پارتی ئیستەنبووڵ ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیستەنبووڵ، لە ڕاگەیاندراوەکەدا موراد کالماز تیشکی خستە سەر دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانانی کورد لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر و وتی: “پاش سەردانەکەی ئەردۆغان ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجامدران، ئەم ئۆپەراسیۆنانە دژی ڕاگەیاندنی ئازاد قۆناغی ئایندەمان پیشان دەدەن، نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد نزیکەی ٤٠ ساڵ تەمەنێتی، بەرامبەر ئەم هێرشانە سەر نەوی ناکەن”.

هەروەها هاووتەبێژی هەدەکە عەلی بال ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەی بەلجیکا قبووڵ ناکرێت و شەرمەزاری دەکەین، وتیشی: “دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن لە ڕێگەی شەڕ و تاڵانەوە هێزی خۆیان بپارێزن، پێویستە چی زووە دەست لە سیاسەتی شەڕ هەڵبگرن، چونکە هیچ قازانجێکی بۆ گەلانی تورکیا نابێت”.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیستەنبووڵ، چیچەک ئۆتلو ڕایگەیاند ئەم هێرشانە بەرئەنجامی شکستی ئاکەپەیە لە هەڵبژاردن و وتی: “ئەم هێرشە گرێدراوە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی وانەوە، خەباتکارانی ڕاگەیاندن، کە ڕاستی دەنووسن و دەیگوازنەوە، هەرگیز بێدەنگ ناکرێن، ڕاگەیاندنی ئازاد شوێنکەوتەی ئاپێ موسایە، ڕاگەیاندنی کورد هەرگیز ڕادەست نابێت”.

ب.گ

Comments are closed.