خەڵاتی ڕەنجی ڕۆژنامەوانی درا بە سلێمان ئەحمەد

ناوەندی هەواڵەکان

یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، کە هەموو ساڵێک خەڵاتی ڕەنجی ڕۆژنامەگەریی کورد شەهید مەزلوم باگۆک دابەشدەکات، بۆ ئەم ساڵ خەڵاتەکەی بەخشی بە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، کە ماوەی ١٨٣ ڕۆژە لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندراوە.

لە شاری قامیشلۆ، لە ١٢٦ـەمین ساڵوەگەریی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد-یەرەئا، مەراسیمێکی دابەشکردنی خەڵاتی ئەنجامدا.

لە مەراسیمەکەدا، ڕۆژنامەنووسانی هەریەک لە ئاستی هەرێمی و جیهانی کە خاوەنی ڕەنجن لەو بوارەدا خەڵاتیان بەسەردا دابەشکرا.

یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە کە خەڵاتی ڕەنجی ڕۆژنامەگەریی پێبەخشرا، سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان بوو، لەلایەن ڕۆژنامەنووس زنار جەعفەر، خەڵاتەکە وەرگیرا و ناردی بۆ خانەوادەی سلێمان ئەحمەد لە شێخ مەقسودی حەلەب.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز)، پاش ئەوەی لە ١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بۆ بەشداریی کردن لە پرسەی باوکی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو، دوای گەڕانەوەی لە ٢٥ـی هەمان مانگ، لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندرا و ماوەی ١٨٣ ڕؤژە بێ سەروشوێنە، هەروەها ئاسایشی پەدەکە ڕێگە نادات پارێزەر و خانەوادەکەی سەردانی بکەن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی تەندروستییەوە نازاندرێت.

ب. جـ

Comments are closed.