عێراق لە ڕووی گەورەیی قەبارەی خێزانەوە لە پلەی شەشەمی جیهاندایە

ناوەندی هەواڵەكان

 گۆڤاری CEOWORLDبڵاوی كردەوە، لەڕووی گەورەترین قەبارەی خێزان لەمساڵدا، لە كۆی ١٩٩ وڵات، عێراق لە پلەی شەشەمی جیهان و دووەمە لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، دەشڵێن، قەبارەی خێزان لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا تادێت بچووكتر دەبێتەوە.

گۆڤاری CEOWORLD لە بارەی گەورەی قەبارەی خێران لە سەرتاسەری جیهان لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامداوە و لە ڕاپۆرتێكدا ناوەڕۆكی لێكۆڵینەوەكەی بڵاوكردوەتەوە.

گۆڤارەكە بڵاوی كردەوە، لەڕووی گەورەترین قەبارەی خێزان لەمساڵدا، لە كۆی ١٩٩ وڵات، عێراق لە پلەی شەشەمی جیهان و دووەمە لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و تێكڕای قەبارەی خێزانەكان گەیشتووەتە ٧.٧ كەس.

ئاماژە بەوەشكراوە، قەبارەی خێزان لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا زۆر بچووكترە و بە تێپەڕبوونی كات وردە وردە كەم دەبێتەوە، هەروەها ڕەوتی جیهانی لەنێو وڵاتانی پێشكەوتوودا ئەوەیە، كە منداڵی كەمتریان هەبێت و لە خێزانی بچووكتردا بژین.

بەگوێرەی ئامارەكان، بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری هۆكار بووە بۆ دواكەوتنی لەدایكبوونی منداڵ، هاوكات كەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری بووەتە هۆی كەمتربوونی قەبارەی خێزان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو وڵاتانەی كەمترین قەبارەی خێزانەكانیان هەیە، سوید لە پێشەنگیدایە، لە دوای ئەویشەوە ئەڵمانیا، فینلاند، سویسرا، مۆناكۆ و نەرویج دێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست گەورەترین قەبارەی خێزانی هەیە، سەنیگال و گامبیا لە پلەی دووەم و سێیەمدان، تێكڕای قەبارەی خێزانەكان لە ئەفریقای ناوەڕاست دەگاتە ٨.٦ كەس، هەروەها تێكڕای قەبارەی خێزانەكان لە سەنیگال دەگاتە ٨.٣ كەس و تێكڕای قەبارەی خێزانەكان لە سەنگافورە ٣.٢٩ كەسە، كە ژمارەیەكی تاڕادەیەك بەرزە بۆ ئابوورییەكی پێشكەوتوو.

هـ.ئ

Comments are closed.