“دەوڵەتی تورک هەڕەشەیە بۆ ئازادیی ئاینی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا”

ناوەندی هەواڵەکان

لیژنەی ئەمریکی بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ئەو ناوچانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون زۆرترین پێشێلکاری ئاینی تێدایە، دەشڵێن، لە کانتۆنی عەفرین پەرستگاکانی ئێزدییەکان و شوێنەوارە ئاینییەکانی دیکەیان وێرانکراوە و بە زۆر ناچاریان دەکەن ئاینیان بگۆڕن.

لیژنەی ئەمریکی بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکارییە ئاینییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاپۆرتى ساڵانەی خۆى بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ناوچانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون زۆرترین پێشێلکاری ئاینیان تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، لە کانتۆنی عەفرین پەرستگاکانی ئێزدییەکان و شوێنەوارە ئاینییەکانی دیکەیان وێرانکراوە و بە زۆر ناچاریان دەکەن ئاینیان بگۆڕن.

دەشڵێن، فڕۆکه جەنگیەکان و فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانى دەوڵەتى تورک ژێرخان و ناوەندەکانى نیشتەجێبونیان کردووەته ئامانج، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی سەدان هەزار دانیشتووی ناوچەکە درووست کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کۆمسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی ستایشی ئەزموونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین.

باس لەوەشکراوە، هەوڵەکانى هێزەکانی سووریای دیموکرات له ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی له چنگی چەتەکانی داعش شایەنی ستایش کردنە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، تا ئێستا چارەنوسى زیاتر له دوو هه زار و ٧٠٠ ژن و کچى ئێزدى، کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون نادیارە.

لە درێژەى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لیژنەکەمان  پێشنیاری کردووە بۆ ئیدارەی ئەمریکا و کۆنگرێس، کە پشتیوانی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن، هەروەها ئەمریکا بەشداری بکات لە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا.

لە کۆتایدا لیژنەکە داوای کردووە، کە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە فرەلایەنەکاندا بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکاری بە مەبەستى ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچانە، ئەمەش بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە ٢٢ کە ڕێگە بە چالاکییە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەدات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ڕ.ش

Comments are closed.