پەرلەمانتاران و پسپۆڕان: ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەى پرسى ئاو پڕوپاگەندەیە

 وسام زەهرونی

پەرلەمانتاران و پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەى پرسى ئاو پڕوپاگەندەیە، چونکە ڕێککەوتنەکە زارەکی بووە و لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک کۆتاى هاتووە، هەروەها، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندوووە، تورکیا ڕێککەوتنى نێوان عێراق و وڵاتەکەیانى لەبارەى ئاو واژۆ نەکردووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین و سەرەڕای زۆری باران و زیادبوونی یەدەگی ئاو، هێشتا پرسی ئاو گەورەترین قەیرانە لە عێراق، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر عێراق، ئەویش کارکردنە لەسەر بنەمای وشککردنى ڕووبارەکان لە ناو خاکی عێراقدا، پسپۆڕان و پەرلەمانتارانیش پشتڕاستی دەکەنەوە، کە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان سەر زارەکی بووە و لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک کۆتاى هاتووە.

بە وتەى چاودێران و پسپۆڕان، لە ڕێککەوتنەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو بڕە ئاوە نەکراوە، کە دەوڵەتی تورک بۆ عێراقی بەردەداتەوە و هەروەها، عەون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، تورکیا ڕێککەوتنى نێوان عێراق و وڵاتەکەیانى لەبارەى ئاو واژۆ نەکردووە.

عادل موختار
عادل موختار

لەوبارەوە، عادل موختار پسپۆڕی کاروباری ئاو، لە لێدوانێکدا بۆ “رۆژ نیوز” ڕایگەیاند، رێککەوتنی ئاوی ئەم دواییەی نێوان عێراق و تورکیا لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدایە.

جەختی لەوەش کردووە، لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات تورکین و تەنها بەشێک لە ئاوەکەیان دەڕژێتە عێراق.

دەشڵێت، لە ڕێککەوتننامەی ئاودا هیچ ئاماژەیەک نیە کە دەوڵەتی تورک ناچار بکات پشکی ئاوی دادپەروەرانە بۆ عێراق بەربداتەوە، وەک ساڵانی پێشوو ڕەتیکردۆتەوە واژۆ لەسەر دیاریکردنی ئەو بڕە بکات، تاوەکو پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی نەبێت.

لە درێژەی قسەکانیدا وتى: لاوازییەکی ئاشکرا لە شاندی دانوستانکاری عێراقیدا هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە لایەنی تورکی هەمیشە مەرج و داواکارییەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا بسەپێنێت، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی قەیرانی وشکەساڵی بەردەوام بێت و دەوڵەتی تورکیش بەردەوام بێت لە بڕینی ئاوی عێراق .

لای خۆیەوە،

سائر جبوری
سائر جبوری

، ئەندامی لیژنەی سەرچاوە ئاوییەکانى پەرلەمانى عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ “ڕۆژ نیوز”، دەڵێت: پەرلەمانی عێراق کاری کردووە بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و بەرپرسانی دیکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووددا بە مەبەستى زانینی هەموو وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ئاوی ئەم دواییەى نێوان عێراق و دەوڵەتی تورک.

وتیشى، کە ناتوانین زیاتر بێدەنگ بین لە بەرامبەر بڕینی ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەو پێیەی ئەم وشکەساڵییە کاریگەریی گەورەی ئابووری هەیە و مەترسی لەسەر سامانی کشتوکاڵی و ئاژەڵ و ماسی دروست دەکات، هەروەها ڕێژەی کۆچی پێچەوانە لە گوندەکان و ناوچەکانی دەرەوەی شار بۆ ناو شار زیاد دەکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە عێراق بڕی پشکی ئاوی خۆی دیاری بکات و بە ئاشکرا ڕایبگەیەنێت، ئەگەر بشیەوێت دەوڵەتی تورکی پابەند بکات بەو بڕەی کە خۆی دەیەوێت، عێراق دەتوانێت پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببات، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا ئامادەنیە و ڕێککەوتنەکە دوادەخات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق خراپترین قەیرانى ئاو لە ماوەی دەیان ساڵى ڕابردوودا بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێک هاوینی ڕابردوو پلەکانی گەرما ٥٠ پلەی سەدی تێپەڕاند و زۆرێک لە دەریاچەکانی عێراق بەرەو وشکبوون چوون.

جێگەى ئاماژەیە، لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق  ٢٦ ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد ، کە یەکێک لە لێکتێگەیشتنەکان بریتی بوو لە هاوکاریکردن لە دۆسێیەی ئاو لە نێوان حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکدا.

ڕ.ش

Comments are closed.