سەردەشت عوسمان.. قەڵەمە بوێرەکەی ئازادیی کە دژی زوڵمی بنەماڵە وەستایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە کاتێکدا کە یادی ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەکەینەوە، ئێستا یادێکی تاڵی تیرۆرکردنی قەڵەمێکی بوێر دەکەینەوە کە سەردەشت عوسمانە و ١٤ ساڵ پێش ئێستا بەدەستە ڕەشەکانی دژ بە ئازادیی شەهید کرا.

 ١٤ ساڵ بەر لە ئێستا ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی لاو، کە هەزاران خەونى گەورەی بۆ ئازادیی و ڕۆژنامەگەریی لەسەردا هەڵگرتبوو، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بە چەند فیشەکێک، لە یەک کاتدا ئازادیی و خەون و ژیانیان لێ سەندەوە، تەنیا  لە بەر ئەوەى بنەماڵە و سەرکردەکان لەم هەرێمە، ئارام و بێ ترس و بێ ڕەخنە بژین.

هەولێر، ئێستا و ڕابردووش کە زۆنێکی ڕەش و زیندانێکی گەورەیە بۆ ڕۆژنامەنووسان و کەسانى ئازادییخواز، سەردەشت عوسمان هات و تابۆی ئەو سامناکییەى تێکشکاند و بە دەنگێکی بەرز و زوڵال دژی حکومڕانییە خوار و خێچییەکانى دەسەڵات وەستایەوە.

سەردەشت عوسمان ٢٥ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، لە خێزانێكی شاری هەولێر لە دایكبووە،  ڕۆژنامەوان و خوێندكاری بەشی زمانی ئینگلیزیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بوو.

ئەو ماوەیەك پێش تیرۆركردنی چەندین نووسینی ڕەخنەیی بڵاوكردەوە و دیارترینیان وتاری”من عاشقی كچەكەی بارزانی”ـم بوو، كە وتارەکە گوزارشت بوو لە نادادی كۆمەڵایەتی و نغرۆبوونی دەسەڵاتی پەدەكە لە گەندەڵی و حوکمڕانییەکى شکستخواردوو.

سەردەشت عوسمان وەک بڵێی بۆنی مەرگی خۆی كردبوو وابوو، چونکە پێش تیرۆركردنی لە وتارێكدا نوسیبووی: دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن گەنجەکانی ئەم وڵاتە چ ھۆلیسۆسێکن و مردن سادەترین ھەڵبژاردنیانە، بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داھاتوو، نەک مردنی خۆمان.

ئەو خەمخۆری و ڕاشکاوییە سەردەشتى خستە ناو زائیدی ئەو ناخڕەشانەى کە لە ئازادیی و وشە دەترسان، تا دواجار لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی ڕۆژی ٤ـی ئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکداری سەر بە حزب و بنەماڵەوە ڕفێندرا و ڕۆژی ٥ـی ئایار لەسەر ڕێگای موسڵ تەرمەکەى بە شوێندراوی دۆزرایەوە.

چیرۆکی مەرگی سەردەشت تەنیا لێرەدا کۆتایی نەهات، بەڵکو دەسەڵاتی پەدەکە سیناریۆییەکی گاڵتەجاڕانە و قێزەونی داڕشت، ویستى ڕابردووی ئەو ناوبانگی پیشەییانەى ئەو ڕۆژنامەنووسە لەکەدار بكات و گەردنی خۆیان لەو تاوانە پاک بکەنەوە.

پەدەکە لە سیناریۆیەکی داتاشراودا ژمارەیەک کەسی ئامادەکراوی هێنایە سەر شاشە و وەک تیرۆرست بە ڕای گشتیی ناساندنی کە گوایە پەیوەندیان بەسەردەشتەوە هەبووە ویستوویانە کردەوەى تیرۆرستی لە هەولێر ئەنجام بدەن، ڕووخساری شێواوی ئەو کەسانە و نووسراوی سەر شاشەکەى بەردەمیان بۆ هەمووانى سەلماند کە سەردەشت تیرۆرست نەبووە و بەو جۆرە سیناریۆیانە ڕووی ڕاستەقینەى خۆیان زیاتر بە دونیا ناساند.

خێزانەكەی سەردەشت هەر زوو سیناریۆی پەدەكە و دەزگا ئەمنییەكانیان ڕەتكردەوە و ئێستا دوای ١٤ ساڵ هەر سوورن لەسەر ئەوەی سەردەشت لەسەر بیروبۆچوونەکانى شەهید کراوە و پیاوانى دەسەڵات لەو سنوورە شەهیدیان کردوە، بۆیە تا ئێستاش سازشیان لەسەر خوێنی ڕۆڵەکەیان نەکردوە و هەموو ڕێککەوتن و ئمیتیاز و دەستکەوتێکیان ڕەتکردوەتەوە، ئامادە نین خوێنی کوڕەکەیان بخەنە بازاڕی مامەڵەی پارەوە.

هێشتا ئەوانەی لە پشت تیرۆركردنی سەردەشتەوەن، نەک بە سزانەگەیندراون، بەڵکو بە ئازادیی لە هەولێردا بە بەرچاوی هەمووانەوە دەسوڕێنەوە و لەسەر ملهوڕیی و کوشتنى ئازادییەکان بەردەوامن، ڕۆژانە ئەو کەسانەی کە وەک سەردەشت دەنووسن و بیر دەکەنەوە دەیانخەنە زیندانەکانیان و ئەشکەنجەیان دەدەن و گیانیان لێدەسەننەوە.

دوای مەرگی سەردەشت ئێستا پەدەكە تیرۆركردنی دەنگە ئازادەكانی گۆڕیوە بۆ دروستكردنی سیناریۆ و تۆمەتی داتاشراو کە لە ڕێگەی دامودەزگا ئەمنییەكانیەوە و بەو دادگا حزبیەی دروستیان كردووە ئەشکەنجەیان دەدەن و لە زیندانی تاکەکەسی گۆشەگیریان دەکەن.

دوای ئەو هەموو ماوەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیكەی ١٠٠ ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لەلایەن پەدەكەوە لە بادینان دەستگیركران و هەریەكەیان بە شێوەیەك سزای زیندانی دران و ئێستاشی لەگەڵدابێت ژمارەیەكیان لە زیندانەكانی پەدەكەن و چاوەڕێی تەواوكردنی ماوەی سزاكەیانن.

چیرۆکی سلێمان ئەحمەدیش وەک هەموو چیرۆکەکانى دیکەى ڕۆژنامەنووسان ڕووی دەسەڵاتی پەدەکە و بنەماڵەى لە ناوخۆ و دەرەوە ڕەشکردووە، ئەوەتا دوای زیاتر لە شەش مانگ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنى، ئامادە نین نە شوێنەکەى ئاشکرا بکەن، نە ڕێگە بە تیمی پارێزەرەکانى دەدەن سەردانى بکات، تومەز دەیانەوێت بە هەمان زهنی تیرۆرکردنى سەردەشت، ئەویش بەو چارەنووسە بگەیەنن.

هـ.ح

Comments are closed.