لە دژی قەدەغەکردنی دیداری ئیمراڵی گەلی کانتۆنی فورات گردبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات، لە دژی بڕیاری قەدەغەکردنی دیداری پارێزەران بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گردبوونەوە و ئەو بڕیارەیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند.

زیاتر لە سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نییە، لە ئێستاشدا سزای ٦ مانگی دیکەی قەدەغەکردنی دیدار لەگەڵ پارێزەران بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆدیدا هێناوە.

 لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات لە بەردەم ئەنجوومەنەکەیان، گردبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا بەیاننامەی چالاکییەکە لەلایەن ڕۆناهی ئەحمەدەوە خوێندرایەوە.

ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە سەرەتای بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکرد، لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا ڕێگە نە بە پارێزەران و نە بە بنەماڵەی ڕێبەر ئاپۆ دراوە کە لە گەڵیدا دیدار ئەنجام بدەن، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٦ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی بە بارمتە گیراوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا دێت کردەوەکانی بۆ لەناوبردنی بیروڕا و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەکات.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، بەڵام تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا، ئیرادەی گەلی کورد بەهێزتر دەکات و گەلانی هەرێمەکە و هەموو سیاسەتمەدارە کوردەکان گرێدراوی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆن و خاوەنداری لێ دەکەن، بۆیە فاشیزمی تورک مافەکانیان پێشێل دەکات و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.

لە کۆتایشدا ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕایانگەیاند، پێویستە هەموو کەسێکی ئاشتیخواز و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ لە بەرامبەر کردەوە نایاساییەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن و هەڵوێست نیشان بدەن، چونکە ئەم کارانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بۆیە نابێت کەس مافی گەلانی ئاشتیخواز پێشێل بکات.

ب. ق

Comments are closed.