ئەدهەم بارزانی: قەوارەیەکی نوێی سیاسیی ڕادەگەیەنین

ناوەندی هەواڵەکان

ئەدهەم بارزانى، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتى پەدەکە ئاشکرای دەکات، بۆ ئەم هەڵبژاردنە قەوارەیەکی نوێی سیاسیی ڕادەگەیەنن ئەگەر بە ڕێکارە یاساییەکان ڕابگەن.

ئەدهەم بارزانی، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پەدەکە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لە بارەی ڕاگەیاندنی قەوارەیەکی نوێی سیاسیی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

ئەدهەم بارزانی دەڵێت: بارودۆخی هەرێمی کوردستان چەقی بەستووە کە بەهۆی خۆبەدەستەوەنەدانى هەندێک لایەنی سیاسیی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیی کە هەڵبژاردن هاتووەتە ئاراوە و بووەتە هەڕەشە لەسەر هەرێمەکەمان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ڕەنگدانەوەى لەسەر عێراق و دەرەوە هەیە.

دەشڵێت: لەماوەکانى ڕابردوودا چەندین جار سەرۆکایەتى هەرێم مەرسوومی سەرۆکایەتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریی کرا، کە کۆتا جاریان مانگی ٦ـی ئەمساڵ بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەى هەندێ لایەن بیانوویان هەبوو لەسەر دۆخەکە بۆیە هەڵبژاردن بەڕێوى نەچوو، هێشتا وادەی نوێش دیاری نەکراوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

ئەدهەم بارزانى ئاشکرای کرد، بەپێی ویستى جەماوەر لەوانەیە لەم چەند ڕۆژەى داهاتوو وەک قەوارەیەکی نوێی سیاسیى ئامادەیی خۆمان نیشان بدەین بۆ بەشداری لەو پرۆسە دیموکراسییە بکەین ئەگەر بە ڕێکارە یاساییەکان ڕابگەین.

ئەدهەم بارزانى هیوا خوازییشە، ئەم هەڵبژاردن جیاواز لە هەڵبژاردنى ٣٢ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکى نوێ بێتە کایەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێپەڕدەبێت، ئاڵۆزیی و گرفتەکان بە جۆرێکن کە تەنیا هەڵبژاردن و شەقام دەتوانێت گۆڕانکاریی لەم سیستەمە حکومڕانییەدا بکرێت.

هەروەها پێیوایە، هۆکاری نائومێد بوونى خەڵک بەرامبەر پرۆسەى هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ ٣٢ ساڵ حکومڕانی دەسەڵاتدارانى ئەم وڵاتە کە هەموومان بینیومانە بەچی شێوەیەک بەڕێوە چووە، خراپ دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکیش دەرخەری ئەو ڕاستییەن.

ئەدهەم بارزانى لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان دەکات بەشداری کارا لەم هەڵبژاردنە بکەن، چونکە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

ب. جـ

Comments are closed.