١٨ـیەمین فیستیڤاڵی ژنانی زیلان بە جۆشەوە بەڕێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

١٨ـیەمین فێستیڤاڵی ژنانی زیلان، بە پانێڵ و خوێندنەوەی پەیامی کەژەکە و نمایشکردنی گرووپی مۆسیقا و هەڵپەركێ و وتنەوەی دروشمی “ژن ژیان ئازادیی، بژی سەرۆک ئاپۆ” لە ئەڵمانیا بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ، لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا، بە بەشداری هەزار کەس لە کوردستانیان و دۆستەکانیان، ١٨ـیەمین فێستیڤاڵی ژنانی زیلان ئەنجامدرا.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردی ئەوروپاوە بە دروشمی “بە ژن ژیان ئازادیی، بەرەو شۆڕشی ژن” ڕێکخرا و کرایە دیاری ئەو ژنە پێشەنگانەی لە مانگی حوزەیران لەناو ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان شەهیدبوون.

بەشداربووان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپاوە بەشدارییان تێیدا کرد و ڕۆژێکی پڕ لە جۆشیان بەسەر برد.

سەرەتای فێستیڤاڵە بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆرۆی مناڵانی ڕۆژ و خولەکێک ڕێزگرتن بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لە میانی فێستیڤاڵەکەدا، پانێڵی “خۆپاراستن-ژن” بەڕێوەچوو و جەخت لەوە کرایەوە، کە هێزەکانی پاراستنی ژن لە ژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژئاوا و شەنگال ئافرێندراون، ئەم هێزانە هەموو مرۆڤایەتییان لە دڕندایەتی پاراست.

هەروەها پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، بڕوامان وایە ئەم فیستیڤاڵانە دەبنە دەنگی هاواری ئازادیی ژنان و ئیرادەی ژیانی ئازاد لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەردەخەنە پێش، وەک کەژەکە سڵاو لە هەموو ئەو ژنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەکەین کە بە ئارەزووی ژیانی ئازاد و ئیرادەی تێکۆشانەوە دژی باوکسالاریی و سیستەمە کۆیلایەتییەکەی دەجەنگن، هەموو ئەو ژنانەی لە تێکۆشانی بەردەوام دژی سیستەمی باوکسالاری پێنج هەزار ساڵەدا بوونەتە قوربانی و هەموو ئەو ژنانەی لە پێداگریی لەسەر ژیانی ئازاد گیانیان فیدا کردووە، بە سوپاسەوە بیر دەهێنینەوە.

لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا هێزا شەنگالی فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شنگال-یەژەشە، لە فیستیڤاڵەکەدا سڵاوی شنگالی گەیاندە ئامادەبووان و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەریلا کرد، وتی: ساڵی ٢٠١٤ هێڵی خیانەت کۆمەڵگەی ئێزدی جێهێشت، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ هاوکاریی و پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی هاتن، لە ئەنجامی بەرخۆدان و تێکۆشان هێزەکانی پاراستنی شنگال دامەزران، ئەمڕۆ یەبەشە و یەژەشە گەلی شنگال و چیاکانی شنگال دەپارێزن، کۆمەڵگەی ئێزدی ئەمڕۆ لە هێڵی بەرخۆدانی زیلاندا خۆی دەپارێزێت و ژیانی خۆی بنیات دەنێت.

فیستیڤاڵەکە تا درەنگانێکی ئەمڕۆ، بە کۆنسێرتی گرووپی مۆسیقا و هەڵپەركێ بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بوو، بە وتنەوەی دروشمی “ژن ژیان ئازادیی، بژی سەرۆک ئاپۆ” بە کۆتا هات.

ب. جـ

Comments are closed.