ژنان لە چەندین شاری سویسرا نامەیان بۆ سی پی تی نارد

ناوەندی هەواڵەکان

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا، کامپەینی ناردنی نامە بۆ سی پی تی دژی گۆشەگیریی ئیمرالی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە شارەکانی سویسرا سەدان نامە نێردرا.

ئەمڕۆ، لە شارەکانی جنێف، لۆزان و سیۆنی سویسرا، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا، لە دژی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامە بۆ کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا-سی پی تی نێردرا.

لە جنێف، سەدان واژۆ لەلایەن دەسپێشخەریی ژنانی سەما یوجە کۆکرایەوە و نێردرا بۆ سی پی تی.

توبا یەڵماز، لەسەر ناوی دەسپێشخەرییەکە ڕایگەیاند، گۆشەگیریی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان قبوڵ ناکرێت و بانگەوازیی لە سی پی تی کرد، بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

هەروەها لە لۆزان ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ژنانی لاژین لە بەردەم پۆستخانەی ڕیپۆن کۆبوونەوە و نامەیان نارد بۆ سی پی تی.

ڕووکەن ئازیک، لەسەر ناوی ئەنجوومەنەکە وتی: زیاتر لە سێ ساڵە زانیاریی لە بارەی ڕێبەر ئاپۆ نییە، سی پی تی ناچارە گوێبیستی گەلی کورد بێت و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

پاشان نامە واژۆکراوەکانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و کەسانی بەناوبانگ بۆ سی پی تی نێردرا.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری سیۆن، ئەندامانی دەسپێشخەریی ژنانی کانتۆنی ڤالایس لە بەردەم پۆستخانەی ناوەندی سیۆنی پایتەخت کۆبوونەوە، نوردان ئاتەش تیشکی خستەسەر کەمپەینی ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و وتی: لە چوارچێوەی کامپەینی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی بۆ دۆزی کورد” لە تەواوی جیهان و بە تایبەت ئەوروپا، کامپەینی ناردنی نامە بۆ سی پی تی دەستی پێ کرد، لە دووەم قۆناغی ئەم هەڵمەتەدا، نامەی واژۆکراو دەنێرین، تا سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

پاشان نامە واژۆکراوەکان بۆ سی پی تی نێردرا.

بڕیار وایە ئەندامانی یەژەکە-سە سبەی لە زیوریخ، ٢١ـی حوزەیران لە ئاراو، ٢٢ـی حوزەیران لە بازل، نامە بۆ سی پی تی بنێرن.

ب. جـ

Comments are closed.