سیمینارێک لەبارەی گرنگی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوەی ژن بەڕێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووخانەی ژنی کورد سیمینارێکیان ڕێکخست و تێیدا وترا: ژنان لە ڕێگەی خوێندنەوەوە ڕۆشنبیر دەبن و دەگەن بە ئامانجەکانیان.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەکەمین ساڵ بە سەر ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووخانەی ژنی کورد، سیمنارێک بۆ هەریەکە لە کەوسەر حەسەن بە ناونیشانی”هاورێیەتی ژن و کتێب” و مەحسومە ئیبراهیم بە ناونیشانی “ناساندن و گرنگی کتێبخانە”ساز کرا.

لە سیمینارەکەدا کەوسەر حەسەن چالاکوانی بواری ژنان وتی: ئامانج لە کردنەوەی ئەم ناوەندە خۆ ڕۆشنبیرکردنی ژنانە لە ڕێگەی کتێبەوە لەبەر ئەوەی کتێب خوێندنەوە بۆ ژنان یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئەو ئامانجانەی مەبەستیانە، گرنگیدان بە خوێندنەوەی بووەتە هۆکاری زیاتر بە ئاگابوونیان لە کێشەکانیان  و کۆمەڵگە.

وتیشی: ناوەندێکی تایبەت بە ژنان جێی بایەخ و گرنگی ئێمەیە، کۆکردنەوەی زانیاری بەڵگە و پاراستنی کەلتووری ژن لەژێر زەبری کەلتوری زاڵی پیاوسالاریدایە، بەرپرسیارێتیەکی مێژوویە لە ئەستۆی نەوەکانی ئایندەدایە.

دواتر مەحسومە ئیبراهیم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووخانەی ژنی کورد لە سیمینارەکەدا وتی: ناوەندەکەیان لەسەر سێ پایە بونیادنراوە ئاشکراکردنی ڕاستینەی ژنی کوردە، لەسەر بنەمای زانستێکی ئازاد هەوڵی بەرزکردنەوەی ناسنامەی ژنی کورد دەدات، لەبەرامبەر ئەو بیرکردنەوەی کە ژن پەراوێز دەخات، ناوەندەکە دەبێتە جێگەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی ژنان تابتوانن گفتوگۆ لەسەر ژیان و خەون و کێشەکانیان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ناوەندە دەبێتە ناوەندێک بۆ یادەوەری و ئەرشیف، کە نەک تەنها بەرهەم و بەڵگە نووسراو و بینراو و بیسراوەکانی ژنانی تێدا کۆبکرێتەوە، بەڵکو کەلەپوری زارەکی ژنان هەر لە چیرۆک و گێڕانەوە و دەنگبێژیی و لایەلایەی تێدا کۆبکریتەوە و شرۆڤە بکرێن لەم ڕێگەیەوە ژنان دەتوانن ڕایەڵەیەکی بەهێز و ڕاستەوخۆ لەگەڵ  مێژووی خۆیان درووست بکەن.

ب.گ

Comments are closed.