ژنە شێوەکارێک له‌ ڕێگاى تابلۆکانییەوە هیوا بۆ ژنان دەگەڕێنێتەوە

سلێمانی

ژنە شێوەکارێک، لە ڕێگەی فڵچەکەی دەستی  ئازارەکانی کورد و  مەینەتییەکانی ژنان  دەکاتە تابلۆ لە کارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، دەشڵێت: نائومێدانە لە ژیان ناڕوانێت و هیوا بۆ ژنان دەگەڕێنێتەوە هەمیشە پانتاییەک بۆ خۆشبەختیی و خۆشەویستیی دەهێڵێتەوە.

ئەو هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیاییەکی زۆری بۆ نیگارکێشان هەبووە، پێی وایە ڕەنگ و تابلۆکان دەتوانن ببنە هەڵگرێكی باش بۆ پەیامەکان، بۆیە هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی نیگارەکانییەوە پەیامی جۆراوجۆری ژنان بگەیەنێتە کۆمەڵگە.

دڵسۆز ڕەسوڵی تەمەن ٤٢ ساڵ، لەدایکبووی شاری ڕانیەیە، هەروەها دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە و نیشتەجێی هەمان شارە، تا ئێستا بە وێنەکانی بەشداریی لە ٤٦ پێشانگای هاوبەشی شێوەکارییدا کردووە.

دڵسۆز ڕەسوڵ
دڵسۆز ڕەسوڵ

وەک خۆی باسی دەکات، هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ کاری وێنەکێشان هەبووە، لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بە چالاکیی خوێندنگەکان تێکەڵ بە دونیای وێنەکێشان بووە، پاشان  پەیمانگای کردووەتە ڕێگای بەدیهێنانی خەون و خولیاکەیی، ئێستاش دەیەوێت لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە خەیاڵ و دونیابینی خۆی بەشیوازێکی هونەریی ئاست بەرز نیشان بدات.

دڵسۆز ڕەسوڵ بە باسکردنی چۆنێتیی تێکەڵبوون بە دونیا و هەڵبژاردنی هونەری شێوەکاریی دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: هونەری شێوەکاری ویستی خۆمی لەسەر نەبوو خۆڕسکانە هاتمە نێو دنیای شێوەکارییەوە، چالاکی خوێندنگاکان هەبوو، بەشداریم دەکرد و مامۆستاکان زۆر هاوکارم  بوون، دەیانووت “دەستی وێنەکێشانت هەیە بەردەوامبە لە وێنەکێشان”، ئێستاش ئەوە ماوەی ٢٠ ساڵە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە بەردەوامم.

دڵسۆز لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش تابلۆ و نیگارەکانی نمایش کردووە، بەشێوەیەک کە تا ئێستا بەشداریی لە ٤٦ پێشانگای هاوبەشی شێوەکارییدا کردووە.

دەربارەی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لە ژیانی هونەرەییدا هاتوونەتە بەردەمی وتی: سەرەڕای ئەوەی لە باشووری کوردستان دەستیان بەسەر ئازادییەکانی ژناندا گرتووە و بوونەتە ڕێگر لە بەردەم ئەوەی ژنان بە خواستی خۆیان لەو بوارەدا کار بکەن کە دەیانەوێت و شوێن خولیاکانیان بکەون، بەڵام توانیومە بە بەردەوامبوون و پشتیوانی خێزانەکەی سەرجەمیان تێپەڕێنێت.

دڵسۆز باسی لەوەکرد، هەرگیز نائۆمێد نییە، هەمیشە هیوا بۆ ژنان دەگەڕێنێتەوە و پانتاییەک بۆ خۆشبەختیی و خۆشەویستیی دەهێڵێتەوە،  بەردەوام هێزێک بووە بۆ خۆیی و نەیتوانیوە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییە و ستەمەی لێی دەکرێت بێدەنگ بێت یاخود ڕادەستی بێت.

جەختی کردەوە، پێوستە ژنان بەربەستەکان بشکێنن و بەرەو ئامانجەکانیان هەنگاو بنێن، بە سرووشت و بوونی خۆیان بمێننەوە، چونکە بەو شێوەیە دەتوانن سەرکەوتووبن.

لە کۆتاییشدا وتی: دەمەوێت لە هونەرەکەمەوە نیشانی کۆمەڵگەی کوردیی بدەم کە ژن هێزێکە بۆ خۆی، توانای یەکی لەڕادەبەدەری هەیە، دەتوانێت لەسەر پێ خۆی بوەستێت.

ش. ئـ

Comments are closed.