ژنانی ئێزدی لە شنگال بە شکۆوە یادی شەهید زیلانیان کردەوە

شنگال

ئەمڕۆ لە ناوەندی شنگال و بە پێشەنگایەتی تاژێ شەهید زیلان، بە پێشکەشکردنی چەندین پەیامی گرنگ و سروود و گۆرانی بە شکۆوە ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید زیلان بەرز ڕاگیرا و ڕایانگەیاند، شەهید زیلان ڕێگەیەکی نوێی بۆ ئێمە کردەوە.

زەینەب کناجی، ناسراو بە شەهید زیلان، لە ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ١٩٩٦، لە ناوەندی دێرسیم، بە ئەنجامدانی چالاکییەکی گیانبازیی، ئاگری لە تاریکی سەردەمێک بەردا و ناوی خۆی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بڵاوکردەوە.

شەهید زیلان ساڵانە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بە چالاکیی جیاواز یادی دەکرێتەوە، بۆ ماوەی هەفتەیەکیش لە شنگال یادی شەهید زیلان بە کۆبوونەوە، چالاکیی هونەریی و پیشاندانی بەڵگەفیلم سەبارەت بە ژیانی شەهید، بە پێشەناگایەتی تاژێ بەبیر دەهێنرێتەوە.

ئەمڕۆش بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی- تاژێ، لە ناوەندی شنگال یادی شەهید زیلانیان، بە چەندین وتار و پیشاندانی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید بەرز ڕاگرت.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدانی خەباتی ئازادیی ژنان لە کەسایەتی شەهید زیلاندا دەستی پێ کرد و دواتریش، نەعیمە بەدەل ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ وتەی خۆی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هەڤاڵ زیلان یەکێکە لەو شەهیدانەی کە مێژووی نووسیوە و پڕۆسەیەکی نوێی دەستپێکردووە، دوژمنانی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٦ دەیانویست بە شێوەیەکی جەستەیی ڕیبەر ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی لەناوببەن، بەڵام زیلان بە کارە فیداییەکەی وەڵامی ئەوپیلانگێڕییەی دایەوە، دەبێت مانا بدەین بە هەر شەهیدێک کە گیانی خۆی لەپێناو ئێمەدا بەخت بکات، پێویستە هەموان خاوەداری لە یادی شەهیدان بکەین، ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئێمەی دەیەوێت.

لە دوای وتارەکان، ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلان و ئامانجی چالاکییەکەی، بەڵگە فیلمێک پیشاندرا و چرا هەڵکران.

دوابەدوای بەڵگە فیلمەکەش، ناوەندی ستیا نەخشا شنگال، کە چەند گۆرانییەکییان سەبارەت بە شەهیدان و شەهید زیلان ئامادە کرد لە یادەکەدا پێشکەشیان کرد و چالاکییەکە بە دروشمی “شەهید نامرێت” کۆتایی هات.

ب. ق

Comments are closed.