لە بەریتانیا داوای ئازادیی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کرا

گڵاسگۆ

ئازادییخوازان و کوردانی نیشتەجێی شاری گڵاسگۆ، لە دژی زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان ئەنجامدا و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیان کرد بەبێ مەرج.

لە شاری گڵاسگۆی وڵاتی بەریتانیا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو، لە ئازادییخوازان و چالاکوانانی کوردی نیشتەجێی شاری گڵاسگۆ و بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی داکۆک، لە دژی زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی ڕێکخرا و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کرا.

سادر سەلیم، چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوی داکۆک وتاری ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ئەڵقەیەکی تری درامایەکی گاڵتەجاڕییانەی ناڕەوای سیاسیی دەسەڵاتە کە نووسەرەکەی پارتییە و لە دەرهێنانی پاراستنە و دادوەرە حزبییەکان لەناو دادگاکان ڕۆڵەکانی دەبینن .

لەبەیاننەمەکەدا ئەوەش هاتبوو: لەو درامایەدا پاڵەوانەکەی ئێمەی ئازادیخوازان شیروان شیروانی و سلێمان ئەحمەدەکانە، بە پێویستی دەزانین  ئیدانەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بە گشتی و زیندانیانی بادینان بەتایبەتی و بەتایبەتر سلێمان ئەحمەد بکەین .

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا باس لەوە کرابوو:  پێوستە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان چالاکوانانی مەدەنی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان لەسەر ئەم کەیسە وەدەنگ بێن ڕێگەنەدەن سلێمان ئەحمەدیش وەکو ئەوانی تر بەناڕەوا سزای بەسەردا بەسەپێنرێت، ئێمە لای خۆمانەوە هەموو فشارێکی مەدەنی دەکەین بۆ ڕاگرتنی ستەمی پارتی و هێزە ئەمنییەکانی و دادگا حزبییەکان بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانن ، بەتوندی ئیدانەی دەستگیکردن و دادگاییکردنی سلێمان ئەحمەد دەکەین.

لە بەشێکی تری گربونەوەکە چالاکوان یادمان بورهان لەسەرناوی ئاژانسی ڕۆژنیوز بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: کوردستانییان و ئازادییخوازان، سلێمانی ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، لە پاش ئەوەی بۆ بەشداری کردن لە پرسەی باوکی کۆچکردووی گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان ، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێندرا و دوای ٢١١ ڕۆژ چارەنووسی ئاشکرابوو.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتبوو: لێرەوە داوا لە ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی و سەرجەم ئەو ڕێکخراو و وڵاتانە دەکەین کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و دادپەروەریی دەکەن، لەم کەیسەدا بەدەنگ بێن و فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارنی پارتی و هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، کە بە نیازن لە دادگایەکی پڕ لە فرت و فێڵ و حزبییدا دوور لە یاسا و دادپەروەریی، بەهەمان سیناریۆی زیندانییانی بادینان لە ٣٠ـی ئەم مانگە سلێمانی ئەحمەدیش سزا بدەن.

ب.گ

Comments are closed.