لە بناری قەندیل یادی شەهید زیلان بەرز ڕاگیرا

قەندیل

دانیشتووانی بناری قەندیل لە مەڕاسیمێکدا یادی شەهید زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان-یان کردەوە و لە پەیامێکشدا ڕایانگەیاند، شەهید زیلان بە چالاکییە گیانبازییەکەی بوو بە وەڵامێکی توند بۆ دوژمن.

ئەمشەو بە سەرپەرشتی گەنجان و ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل و بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان، مەڕاسیمێک بۆ یادکردنەوەی شەهید زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان لە دۆڵی شارۆش لە بناری قەندیل بەڕێوەچوو.

لە مەڕاسیمەکەدا، پەیامێک لەبارەی شەهید زیلانەوە لەلایەن سەروین جەلالەوە پێشکەشکرا و ڕایگەیاند، لەو کاتەدا شەهید زیلان لە دژی پیلانگێڕی وەڵامێکی توند دەدات بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە بەختکردنی گیانی خۆی و بەو چالاکییە گیانبازییەی دەبێتە وەڵامێک و چالاکییەکی گەورە ئەجام دەدات.

وتیشی: لە ڕێبازی پەکەکەدا یادکردنەوەی شەهیدان بۆ زیندوو هێشتنەوەیانە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ یادی شەهید زیلانمان کردەوە و ساڵانە بەبیر دەهێنرێتەوە، ئەم یادەش بۆ ئەوەیە کە هەمیشە لەسەر ڕێبازی شەهید زیلان بەردەوامبین و هەڤاڵانی لەسەر پەروەردە بکرێت، هەروەها زیندووکردنەوەی ئەم یادە بۆ ئەوەیە وەڵامێک بە داگیرکەران بدرێتەوە.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلان نیشانی ئامادەبووان درا.

شەهید زەینەب کناچی، ناسراو بە زیلان، ‌ساڵی ١٩٧٢ له‌ گوندی ئه‌لمالی سه‌ر به‌ شاری مه‌ڵاتیای باکووری کوردستان له‌دایکبووە، ساڵی ١٩٩٤ له‌ شاری ئه‌ده‌نه ڕێکخستەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد دەناسێت و له‌ ساڵی ١٩٩٥ بەشداری ڕیزه‌کانی گه‌ریلا دەبێت‌.

ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٦ ‌دژی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر شاری دێرسیم و لە وەڵامی ئەو هێرشەی کە لەو ساڵەدا لە دیمەشق بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر شوێنی مانەوەی ڕێبەر ئۆجەلان، چالاکییه‌کی گیانبازیی له‌ ڕێوڕەسمێکی سەربازیی سوپای تورکدا ئەنجامدا.

ب.گ

Comments are closed.