لە فەرەنسا دژی گۆشەگیری ڕیپێوانێکی جەماوەری بەرێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

بۆ شەرمەزارکردنی سیستەمی ئیمراڵی و هەروەها، ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکوانان و وڵات پارێزان لە فەرەنسا ڕژانە سەر شەقامەکان.

 لە درێژەی ناڕەزایەتی و کاردانەوەکاندا لە دژی گۆشەگری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە دروشمی”کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن، ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ”، لە گەڕەکی ڤیلیرس لا بێل’ـی پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

چالاکوانان بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی گەلی ڤیلیرس لا بێل کۆبوونەوە، سیستەمی گۆشەگیری دەوڵەتی فاشیستی تورکیان دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد” ئەنجامدرا و لە وێستگەی شەمەندەفەری ڤیلیرس لا بێل دەستی پێ کرد و لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک کۆتایی هات.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشـمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن، ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ” بەرزکرایەوە، بە نامیلکە و برۆشورەکان دەربارەی گۆشەگیری، ڕای گشتی فەرەنسا ئاگادارکرایەوە و بانگەواز لە کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرا دژی گۆشەگیری هەڵوێست نیشان بدات.

دواتریش لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک گردبوونەوە ئەنجامدرا، لە کەسێتی شەهید زیلان هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان یادکرانەوە.

لەسەر ناوی ئەنجوومەنى گەلی دیموکراتیکی ڤیلیرس لا بێل ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە ئاماژەیان بەوەکرد، وەک هەمیشە دەڵێین، هەر گەلێک ڕێبەرەکەی دیل بێت، خۆیشی بەدیل گیراوە، ڕێبەر ئاپۆ هیوای ئازادی ئێمەیە، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و سی پی تی دەنگمان نەبیستێت، دەنگمان بڵندتر دەکەین و لە گۆڕەپانەکان دەبین، لە کوردستان دوو هێڵ هەن، بەرخۆدان و خیانەت، ڕێبەر ئاپۆ نوێنەری بەرخۆدانە، پێویستە زیاتر خاوەندارێتی لەم بەرخۆدانە بکەین.

دواتریش بە وتنەوەی دروشم و بە بەرزکردنەوەی نووسرا و وێنە چالاکییەکە کۆتای پێهات.

ب. ق

 

Comments are closed.