ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە سزادانی ژنانی چالاکوان

ناوەندی هەواڵەکان

نووسەر و وەرگێڕ و چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنان، لە دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرایەوە، لە لقی یەکی دادگای گشتی و شۆڕش لە شاری دامغان دادگایی کراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

عاتیفە ڕەنگڕیز، نووسەر و وەرگێڕ و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان،  دانیشتووی شاری دامغان سەر بە پارێزگای سمنان، لە پاش دەستبەسەرکردنەوەی بۆ جاری دووەم، دوێنێ لە لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری دامغان دانیشتنی دادگایی کردنی بەڕێوەچووە و سێ تۆمەتی جیاوازی ئاڕاستەکراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاهرود.

لە دانیشتنی دادگاکەدا تۆمەتی “پێکهێنانی گروپ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات”، “پرۆپاگەندە لە دژی دەسەڵات” و ” بڵاوکردنەوەی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی” ئاڕاستەی عاتیفە ڕەنگڕیز کراوە.

عاتفە رەنگریز لە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دامغان دەستبەسەر و گواسترابووەوە بۆ ئیتلاعاتی سمنان، لەدوای تەواوبوونی لێپرسینەوە گواسترابووەوە بۆ زیندانی شاهرود و لە ٢١ـی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی دارایی بەشێوەی کاتی ئازادکرا بوو.

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان پێشتریش بە هۆی چالاکیەکانیەوە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و لێپێچینەوە ببووەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.