“بەشێک لە خێزانەکان شانازی بەوەوە دەکەن منداڵەکانیان زمانی کوردیی نازانن”

سلێمانی

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بازرگانی بە هزر و یادگەی منداڵانی کوردەوە دەکرێت بە ناوی خوێندگەی ناحکومى، لەو بارەیەوە مامۆستایان نیگەرانن لەوەی خەریکە زمانی بیانی جێگە بە زمانی دایک دەگرێتەوە، داوا دەکەن وەزارەتی پەروەردە بێ دەنگ نەبێت.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە کەلتوورێک لە هەرێمی کوردستان پێشکەوت ئەویش کردنەوەی خوێندنگەی ناحکومییە، کە زۆرترینیان گرنگی بە زمانە بیانییەکان دەدەن و زمانی دایک، کە کوردییە فەرامۆشی دەکەن، کەشێکی وەهایان سازکردووە، زانینی زمانە بیانییەکان بە گرنگتر لە زمانی دایک بگەیەنن بە دایک و باوک، لەو بارەیەوە مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەران، بە ترسناک و کارەساتی ناوی دەبەن منداڵ زمانی دایکی بە باشی نەزانێت، یان دایک و باوکەکان شانازی بەوەوە بکەن، کە منداڵەکانیان کوردیی نازانن.

بەهار مەحمود سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لە بارەی پەروەردەی مناڵانەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە دەبێت دایک  و باوکەکان پەروەردە

بەهار مەحمود
بەهار مەحمود

بکەینەوە، بەداخەوە ئێستا دایک و باوکەکان شانازی بەوەوە دەکەن، کە منداڵەکانیان لە خوێندگەیەکی بیانین و زمانی بیانی دەزانێت، ئەمە زۆر ترسناکە، لە هیچ وڵاتێکدا هیچ کەناڵێک و خوێندنگەیەک نییە بە زمانی بیانی، دەبێت منداڵ تەنیا زمانی دایکی بخوێنێت، لە دوای فێربوونی زمانی دایک بە باشی، دواتر هەوڵبدات بۆ زمانی دیکە.

بەهار مەحموود ئاماژەی بەوەشدا، منداڵ ئەگەر زمانی دایکی بە باشی نەزانێت کەلتوورەکەشی نازانێت، مێژووی نەتەوەکەی نازانێت، جگە لەوانەش زۆر شتی دیکەی لە کیس دەچێت، ئەو کەسانەی ئێمە کە منداڵەکانیان لە خوێندنگە ناحکومیەکانن، هەموویان کێشەیان زمانی کوردییە، دایک و باوکی منداڵەکان دەڵێن، لە هەموو وانەکان باش و سەرکەوتوون، بەڵام لە وانەی کوردی باش نین، بێگوومان ئەمەش هەڵەی خێزانەکانە، پێش منداڵەکان پێویستە دایک و باوکیان پەروەردە بکەین، هەموو ئەوانەش دووژمنەکانمان لە چواردەورمان هۆکاری سەرەکین، کە نەتەوە و زمان و کولتووری خۆمان، لە لا کەمبێت.

هاوکات دکتۆر ئیبتیسام مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لە بارەی پاراستنی زمانی زمانەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: بە داخەوە بە هۆی ئەو تەوژمە زانیارییە و

 

دکتۆر ئیبتیسام
دکتۆر ئیبتیسام

تێکەڵبوونی کەلتوورەکان و تەکنەلۆژیا، خەریکە زمان و کەلتوورەکەمان بەرەو دواوە دەچێت، بە داخەوە ئەو خەمە گەورەیەیی هەمانبوو، یان لە سەر ناوێکی کوردیی، کورد لە سێدارە دەدرا، بەڵام ئێستا ئەو خەمە نەماوە، ئەو خەمە نە لە پەروەردە و نە لە دەزگا میدیاییەکان ماوە، نە لە سیستەمی فەلسەفەی حوکمڕانیدا ماوە، شتێک هەیە بە ناوی پەیوەستبوون بە خاک و ئاو و نیشتیمان و زمانەوە، مرۆڤ هەست دەکات ئەمانە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، ئەوەی گرنگە پێویستە جارێکی دیکە لە ناو خێزانەوە پەروەردەی منداڵ دەست پێبکەینەوە.

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد، یەکێک لە ڕەگەزە گرنگەکانی مانەوەی گەلی کورد زمانە، بە داخەوە لە خوێندنگە ناحکومیەکاندا بەشی زمانی کوردیی کەم کراوەتەوە، لە هەندێک لە خێزانەکاندا، زمانی کوردیی نامۆیە، ئەمەش کاریگەری تەنکنەلۆژیایی میدیایە، کاریگەری ئامێرە زیرەکەکانە، بە داخەوە هەندێک خێزان شانازی دەکەن بەوەی منداڵەکانیان کوردیی نازانێت بەڵام زمانی بیانی دەزانێت، لە کاتێکدا منداڵەکەی نەچووەتەوە بەر خوێندن، ڕەنگەکان و ژمارەکان و داواکارییەکانی بە ئینگلیزییە، ئەمە نامۆبوون بە زمانی کوردیی درووستەکات، ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی ئینتیما ون دەکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیپتیسام ئیسماعیل وتیشی: پێویستە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، خوێندنگە ناحکومیەکان ناچار بکەن، کە گرنگی بە جلوبەرگی کوردی و زمان و کەلتووری کوردى بدەن، ڕاستە گرنگە مرۆڤ زمانیکی دیکە بزانێت، بەڵام ناکرێت جێگەی زمانی دایک بگرێتەوە، بۆ ئەوەی لاواز نەبین و زمان و کولتوری خۆمان بپارێزیین.

ش. ئـ

Comments are closed.