لە مانگی حوزەیراندا ژنان کرانە قەقنەس

ناوەندی هەواڵەکان

کوژران یاخود گیانلەدەستدانی گوماناویی ژنان درێژەی هەیە و لە مانگی حوزەیراندا جەستەی دوو ژن کرایە قەقنەس و ئاگریان تێبەردرا.

بەپێی بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنەکان، لە مانگی حوزەیراندا، چوار ژن لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان کوژراون یاخود گومان لەسەر شێوازی گیان لەدەستدانەکانیان هەیە، کە دووان لەو ژنانە ئاگر لە جەستەیان بەردرا و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها هەوڵی کوشتنی کچێکی ١٦ ساڵیش درا.

بە وتەی خۆی و کەسوکارەکەی، ڕۆژی ٦ـی حوزەیران ئاڤان جەزا پاش تاشینی قژ و برۆی، لە گەرماوی ماڵەکەیدا بەدەستی هاوژینەکەی ٨٥٪ـی جەستەی دەسووتێندرێت، پاش شەش ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە گیانى لەدەستدا.

ڕۆژی ١٦ـی حوزەیران لە شارۆچکەی سیمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی ژنێکی ٦٠ ساڵ لە باڵەخانەیەکدا دۆزرایەوە، بەڵام هیچ لەبارەی هۆکار و شێوازی گیان لەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکرا.

ڕۆژی ٢٢ـی حوزەیران لە گوندی عوڵاقوتی سەر بە شارۆچکەی سەرقەڵا لە ئیدارەی گەرمیان، تەرمی ژنێک گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، کە لە ئەنجامی خنکاندن بە هەڵواسین گیانی لەدەستدابوو، دواتر بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ئەوەی کردەوەیەکی خۆکوژیی بووە بابەتەکە داخرا.

هاوکات ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیران لە گەڕەکی مالتا لە ناوەندی پارێزگای دهۆک ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ کە دایکی سێ منداڵ بوو، پاش ئەشكەنجەدانێکی زۆر لەلایەن براکەیەوە ئاگر لە جەستەشی بەردەدرێت، بەهۆیەوە پاش چوار ڕۆژ گیانى لەدەستدا.

لەپاڵ ئەمانەشدا، ڕۆژی ٢١ـی حوزەیران لە شاری هەولێر هەوڵی سەربڕینی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵان درا، بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کرایەوە، بەچەقۆ هێرشکرابووە سەر کچەکە و هەوڵی سەربڕینی درابوو، دواتر دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و بە ١٢٠ تەقەڵ برینەکەی دەدوورێتەوە و ئێستاش لە وەرگرتنی چارەسەر بەردەوامە.

ش. ئـ

Comments are closed.