ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی مادیماک بەرز راگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی مادیماک-دا یادی شەهیدان بەرز ڕاگیرا، هەروەها دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا، چونکە بکوژانی ئەو تاوانە دەپارێزن و بە سزای خۆیانیان ناگەیەنن.

لە ناوەڕاستی شاری سێواس لە ٢ـی تەمووزی ١٩٩٣، ٣٣ ڕۆشنبیر لە هۆتێلی مادیماک تیرۆرکران، لە ٣١ـەمین ساڵیادی ئەوکۆمەڵکوژییەدا یادی قوربانییان بەرز ڕاگیرا و بەو بۆنەیەوە هەزاران کەس لە سێواس تا بەردەم هۆتێل مادیماک ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان، سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆکی گشتی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەرکان باش، ڕێکخراوە عەلەوییەکان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان ڕایگەیاند سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەوکات ئەم ڕووداوەیان بە ڕووداوێکی ئاسایی ناساند و وتیان “شکور زیان بە گەلەکەمان نەگەیشت”، وەک بڵێی حیساب بۆ گیانی کورد و عەلەوییەکان نەکەن کە لەو ڕووداوە سوتان، تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشکرا نەکران، چەند کەسێک دادگایی کران و زۆربەیان ئازادکران و بێتاوان پیشاندران، بە لێبووردنی سەرۆککۆمار ئازادکران”.

باقرخان کۆمەڵکوژییەکەی بە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی ناساند، پشتگیری دەم پارتی بۆ عەلەوییەکان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند پێکەوە دژی کۆمەڵکوژی و جیاکاری تێدەکۆشن، هەروەها تێکۆشانی هاوبەش بەردەوام دەبێت تا ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕاستەقینە.

سەرۆکی گشتی تیپ ئەرکان باش و سەرۆکی گشتی ئەمەپە سەعید ئاسڵان وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لای خۆیەوە هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن هێزە تاریکەکانی دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە، پاش ٣٠ ساڵ دۆزی کۆمەڵکوژییەکە بێ ئەنجام مایەوە و ٣١ ساڵە زیهنیەتی کۆمەڵکوژی بەردەوامە.

پاشان جەماوەر گوڵیان لەبەردەم هۆتێلەکە دانا و یادەکە کۆتایی هات.

ب.گ

Comments are closed.